ئێران و ئەمریکا تاوتوێی ئاڵوگۆڕکردنی زیندانیان دەکەن

  2021-04-28  | 
عەلی رەبیعی وتەبێژی حکومەتی ئێران
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وتەبێژی حکومەتی ئێران رایگەیاند، تاران و واشنتن سەرقاڵی تاوتوێکردنی ئاڵوگۆڕکردنی زیندانیانن.

عەلی رەبیعی وتەبێژی حکومەتی ئێران لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "ئێمە دەمانەوێت سەرجەم ئەو گیراوە ئێرانیانەی کە بە ناڕەوا لە گرتووخانەکانی ئەمریکا دەستبەسەرکراون و ژمارەیان زۆر لەو زیندانیکراوە ئەمریکیانە زیاترە کە لە ئێرانن، بەپێی بنەما مرۆڤایەتییەکان ئازاد بکرێن".

ئەوەش لە کاتێکدایە کە پێشتر ئێران ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ ئەوەی ئاڵوگۆڕی زیندانیان لەگەڵ ئەمریکا بکات و لە سەردەمی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، چەند زینداییەک ئاڵوگۆڕ کران، بەڵام لە ئێستاشدا ژمارەیەک هاوڵاتی ئێرانی لە ئەمریکا سزای زیندانی دوورمەودایان بەسەردا سەپێندراوە.

لە ئێرانیش جگە لە چەند هاوڵاتییەکی ئەمریکی، ژمارەیەک هاوڵاتی بەڕەچەڵەک بەریتانیایی و نەمسایی و ئەڵمانی و فەڕەنسی بەتۆمەتی ئەمنیی لە زینداندان.

ئەمریکا و وڵاتانی ناوبراو ئەو تۆمەتانە رەتدەکەنەوە و پێیانوایە ئێران ئەو کەسانەی بە ئامانجی سیاسی بە بارمتە گرتووە.

دەوترێت، لە ئێستادا ١٥ هاوڵاتی ئێرانی بە تۆمەتی دەوردانەوەی گەمارۆکانی ئەمریکا، لە زیندانەکانی ئەو وڵاتە دان.



ڕیکلام