بایدن: بڕیاری ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم بەڕێژەی 60٪ پێچەوانەی رێککەوتننامەی ئەتۆمییە

  2021-04-17  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، پشتیوانی لە هەوڵەکانی ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم بەڕێژەی 60٪ ناکەن و ئەو بڕیارە پێچەوانەی رێککەوتننامەی ئەتۆمییە.

لە میانی کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن لە کۆشکی سپی، جۆ بایدن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، "هێشتا زووە پێشبینی ئەنجامی دانوستانەکانی ڤیەننا بکەین".

راشیگەیاند، "پشتیوانی لە هەوڵەکانی ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم بەڕێژەی ٦٠٪ ناکەین و بەڕای ئێمە ئەو بڕیارە بەهیچ شێوەیەک یارمەتیدەر نابێت"، وتیشی، بڕیارەکە پێچەوانەی بنەماکانی رێککەوتنامەی ئەتۆمییە.

پاش ئەوەی هەفتەی رابردوو هێرشکرایە سەر بنکەی ئەتۆمی نەتەنز و زیان بە چەند سەنتەرفیوجێکی بنکەکە گەیشت، کە ئێران ئیسرائیل بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبار دەکات، دوێنێ هەینی محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە تویتێکدا بڵاویکردەوە، وڵاتەکەی دەستیکردووە بە بەپیتاندنی یۆرانیۆم بە رێژەی ٦٠٪.

ئەوەش لە کاتێکدایە ماوەی چەند ڕۆژێکە دانوستانی ئێران و وڵاتانی 4+1 لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا دەستیپێکردووە بە ئامانجی گەڕاندنەوەی ئەمریکا بۆ رێککەوتننامەی ئەتۆمی و سنوردارکردنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.

پێشبینی دەکرێت، بەرزکردنەوەی رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ 60٪ ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل زیاتر بکات و گفتوگۆکانی ڤییەنناش پەکبخات.

لەپێناو سوککردنی گەمارۆکانی سەر ئێران و کۆنتڕۆڵکردنی بەرنامەی ئەتۆمی ئەو وڵاتە، ساڵی ٢٠١٥، رێککەوتننامەی ئەتۆمی نێوان تاران و وڵاتانی 5+1 ئیمزا کرا، بەڵام رۆژی سێشەممە ٨ی٥ی٢٠١٨، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بە بڕیارێک کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنەکە و گەڕاندنەوەی سزاکان بۆ سەر ئێرانی راگەیاند.

بەهاتنە سەرکاری جۆ بایدن سەرۆکی ئێستای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هیواکان بۆ گەڕانەوەی واشنتن بۆ رێککەوتنەوە و زیندوکردنەوەی، زیاتر بوون، ئەوەش لەکاتێکدایە، پێشتر بەرپرسانی ئێران چەندین جار رایانگەیاندووە کە گفتوگۆ و دانوستانی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا لەوبارەیەوە رەتدەکەنەوە.



ڕیکلام