نرخی نەوت بەرزبوونەوەی دیکەی تۆمار کرد

  2021-05-04  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بە بەراورد بە سەر لە بەیانی ئەمڕۆ نرخی نەوت لە بازارەکانی وزەی جیهانیدا بەرزبوونەوەی بەرچاوی تۆمارکرد، بەشێوەیەک نرخی بەرمیلێک نەوت نزیکەی دوو دۆلار بەرزبووەتەوە

بە پێی داتای بۆرسەکانی جیهان، نرخی نەوتی خاو بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبۆوە، بەشێوەیەک بەرمیلێک نەوتی خاوی برنت بە ٦٩ دۆلار و ٤ سەنت ماڵەی پێوە کرا.

بە هەمان شێوە نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی ئەمریکا، کە ڕۆژئاوای تەکساس ناسراوە، بە ٦٥ دۆلار و ١٨ سەنت ماڵەی پێوە کرا.

ئەوەش لە کاتێکدایە، سەر لە بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ٤ی٥ی٢٠٢١، هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برنت بە ٦٧ دۆلار و ٤٧ سەنت مامەڵەی پێوەکرا .

هاوکات نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی ئەمریکاش بە ٦٤ دۆلار و ٣٩ سەنت دیاریکراوە.

شیکەرەوانی دۆخی ئابوری ئاماژە بەوە دەکەن، چاوەڕوان دەکرێت نرخی نەوت لە بازاڕەکانی وزەدا زیاتریش بەرزبێتەوە، بە تایبەت دوای ئەوەی خواست لەسەر سوتەمەنی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەوروپا زیاتر بووە.

لەو چوارچێوەیەشدا چەند ویلایەتێکی ئەمریکا لە ئامادەکاریدا بۆ کەمکردنەوە و سوککردنی کۆتوبەندەکان، کە بەهۆی پەتای کۆرۆناوە سەپێنراون، یەکێتی ئەوروپاش لە ئامادەکاریدا بۆ پێشوازیکردن لەو گەشتیارە بیانیانەی کە ڤاکسینیان وەرگرتووە.

بەرزبونەوەی نرخی نەوت کاریگەری گەورەی لەسەر ئابوری عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت بەوپێیەی زۆرینەی داهاتیان پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستێت.

 



ڕیکلام