بەرپرسێکی ئەمریکا: ئەگەری هەیە تا چەند هەفتەی دیکە لەگەڵ ئێران بگەینە رێککەوتن

  2021-05-07  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەگەر ئێران بیەوێت، تاوەکو چەند هەفتەی دیکە لەگەڵ ئەو وڵاتە دەگەنە رێککەوتن.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لەزاری بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڵاویکردووەتەوە، پێدەچێت لە چەند هەفتەی داهاتوودا لەسەر گەڕاندنەوەی واشنتن بۆ رێککەوتننامەی ئەتۆمی و دووبارە پابەندبوونی تاران بە رێککەوتننامەکە، لەگەڵ ئێران بگەنە رێککەوتن، بەڵام لە دواجاردا بەدیهێنانی ئەو بابەتە پەیوەندی بە بڕیاری سیاسیی بەرپرسانی ئێرانەوە هەیە.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە نەیویستووە ناوی خۆی ئاشکرا بکات، رایگەیاندووە، تاوەکو ئێستاش کەلێن لەنێوان هەڵوێستی ئەمریکا و ئێراندا هەیە و ئەنجامدانی دانوستانی ناڕاستەخۆ لەگەڵ تاران و گەیاندنی پەیامەکان لەڕێی وڵاتانی دیکەوە، دەبێتەهۆی ئەوەی کە هەندێک جار لێکتێنەگەیشتن رووبدات.

بە ئامانجی گەڕاندنەوەی ئەمریکا بۆ رێککەوتننامەی ئەتۆمی کە ساڵی 2015 لە نێوان ئێران و وڵاتانی 5+1 ئیمزا کرا و دووبارە پابەندبوونی ئێران بە رێککەوتننامەکە، لە سەرەتای مانگی نیسانی ئەمساڵەوە، دانوستانی ئێران و وڵاتانی 4+1 لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.

رۆژی رابردووش عەباس عێراقچی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری سیاسی و سەرۆکی تیمی دانوستانکاری ئەو وڵاتە لە ڤیەننا رایگەیاند، رێگایەکی دوور و درێژیان لەپێشدایە و بەهیچ شێوەیەک ناتوانن کاتێکی دیاریکراو بۆ گەیشتن بە رێککەوتن پێشبینی بکەن.



ڕیکلام