لە شەڕی دوو بنەماڵەدا دوو کەس کوژران و 5 کەسیش بریندار بوون

  2021-05-08  | 
دۆسیە:  دهۆک
 تۆڕی هەواڵی ژیان
شەوی ڕابردوو لە ئەنجامی شەڕەقە تەقە و پێکهەڵپژان لە نێوان دوو خانەوادە لە ناحیەی کەلەکچی سەر بە پارێزگای دهۆک، دوو کەس کوژران و ٥ کەسیش بریندار بوون.

هێمن سلێمان وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دهۆک ڕایگەیاند، کاتژمێر نزیکی ١٢ شەوی ڕابردوو، لە سەنتەری ناحیەی کەلەکچی سەر بە قەزای شێخانی لە پارێزگای دهۆک، بە چەک شەڕ لە نێوان دوو خانەوادە روویداوە و لە ئەنجامدا دوو کەس کوژراون کە هاوسەری یەکترن و ٥ کەسی دیکەش بریندار بوون.

وتەبێژی پۆلیسی دهۆک ئاماژەی بەوەشکرد، کەمێک دوای تەقەکان هێزەکانی پۆلیس چوونەتە ناوچەکە و کۆنترۆڵی دۆخەکەیان کردووە، پێشتریش ناسنامەی تۆمەتبارانی ڕوداوەکە ئاشکرا بووە و لە ئێستادا فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە.

بە گوتەی شاهیدحاڵەکانی ڕوداوەکە، شەڕەکە لەسەر کێشەی کۆمەڵایەتی بووە و ئەو ژن و مێردەی کوژراون دایک و باوکی حەوت منداڵن، هاوکات ٥ بریندارەکەی دیکەش هی هەمان ماڵباتە و دەستبەجێ گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی دهۆک بە مەبەستی چارەسەرکردنیان.

ئەوەش لە کاتێکدایە لە شەوی ٢٥ی مانگی ڕابردوودا، شەڕ لە نێوان خاوەن زەویەک و ژمارەیەک جوتیاری کۆمەڵگەی چڕەی هەمان دەڤەرە روویدا و لە ئەنجامدا ژنێک کوژرا.



ڕیکلام