سۆرانی  |  بادینی  |  English      

لیژنەی دارایی: ساڵی 2048 قەرزەکانی سەر عێراق تەواو دەبێت

  2021-05-08  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لیژنەی دارایی و ئابوری پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، هیچ ژمارەیەکی ورد نییە سەبارەت بە قەرزەکانی عێراق، بەڵام وادەیەکی دیاریکردووە بۆ کۆتایی هاتنی بژاردنەوەیان.

مازن فەیلی لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، قەبارەی قەرزەکانی عێراق بە تەواوی و بەشێوەیەکی ورد دیاری نەکراوە، بەڵام بە گوتەی پسپۆڕانی ئەو بوارە، قەرزە ناوخۆیی و دەرەکییەکان لە ساڵی ٢٠٤٨ دا کۆتاییان دێت.

فەیلی ئاماژەی بەوەشکردووە، لیژنەی دارایی دژایەتی خۆی بۆ قەرزکردن دەربڕیبوو، بێ ئەوەی هیچ جێگرەوەیەک نەبێت بۆ نەوت یان کەمکردنەوەی خەرجییەکانی بەکار بردن، بۆ بە بێ دڵنیایی ئەو دوو بوارە هەڵەیە پەنا ببرێت بۆ قەرزکردن.

لە کۆتایی وتەکانیدا ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق جەختیکردەوە، پێویستە پلان هەبێت بۆ بەهێزکردنی سەرچاوەکان لە پێناو بژاردنەوەی ئەو قەرزانە، نەک تەنها حسابکردنی قەرزەکان، ڕوونیشیکردەوە، هیچ پلانێک لە ئارادا نییە بۆ گەورەکردنی کەرتەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ و گەشتیاری لە وڵاتدا.

لە دوای جەنگی داعش و نزمبوونەوەی نرخی نەوت، عێراق ڕووبەڕووی کێشەیەکی دارایی قوڵ بۆوە، بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکەش، ناچار پەنای بۆ قەرزی ناوخۆیی و دەرەکی برد.