کاردانەوەکانی دەستگیرکردنی قاسم موسڵح سەرکردەی حەشدی شەعبی

  2021-05-26  | 
دۆسیە:  حەشدی شەعبی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سات لە دوای سات دەستگیرکردنی قاسم موسلح سەرکردەی حەشدی شەعبی کاردانەوەی جیاجیا بە دوای خۆیدا دەهێنێت، هاوکات شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق رایگەیاند ، دەستگیرکردنی ئەو سەرکردەیەی حەشد لەسەر بنەمای یاداشتێکی دادگای تایبەت بە مادەی ٤ی تیرۆر ئەنجام دراوە.

شانەی راگەیاندنی ئەمنی لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزێکی ئەمنی لە پارێزگای ئەنبار بنەمان لەسەر یاداشتنی دەستگیرکردن بە گوێرەی مادەی ٤ی تیرۆر کە لە ڕۆژی ٢١/٥/٢٠٢١ دەرچووە، تۆمەتبار قاسم مەحمود کەریم موسڵحیان دەستگیر کردووە، بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا لەلایەن لیژنەیەکی لیکۆڵینەوەی هاوبەش، سەبارەت بەو تۆمەتانەی کە خراوەتە پاڵی بەگوێرەی ڕێوشوێنە یاساییەکان.

شانەی راگەیاندنی ئەمنی ئاماژەی بەوەشکردووە، ئۆپراسیۆنەکە لە دژی هیچ لایەنێکی سەربازی و ئەمنی نییە، وەک لە لایەن ئەو کەسانەوە پڕوپاگەندەی فیتنە نانەوەی بۆ دەکرێت، بەڵکو هەموو دەزگا ئەمنی و سەربازییەکان لەژێر فەرمانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکاندان.

هاوکات سەرچاوەیەکی حەشدی شەعبی ئاشکرایکردووە، حەشدی شەعبی کێشەی نییە لەگەل دەستگیرکردنی ئەو سەرکردەیەی، بەڵام شێوازی دەستگیرکرد و ئەو لایەنەی دەستگیرکردووە، نیگەرانی لای ئەوان دروستکردووە، چونکە دەبوایە دەزگای ئاسایشی حەشدی شەعبی یاداشتی دەستگیرکردنەکەی ئەنجام بدایە.

سەرچاوەکەی حەشدی شەعبی بە ڕوسیا تودەی ڕاگەیاندووە، جێگەی قبوڵکردن نییە لیژنەیەکی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەی بە سەرکردایەتی فەریق (ئەحمەد ئەبو رەغیف) یاداشتنی دەستگیرکردنەکە جێبەجێ بکاتن لە کاتێکدا لایەنی تایبەتمەند هەیە لە حەشدی شەعبی، کە پێویستە بۆی بگەڕانایەتەوە و ئاگاداریان بکردایەتەوە.

سەبارەت بە ئازادکردنی سەرکردەکەی حەشد، ئەو سەرچاوەیە ئاشکرایکردووە، تائێستاش گفتوگۆ و ناوبژیوانییەکان بەردەوامە لە پێناو ئازادکردنی، بەڵام تا ئێستا هیچ ئەنجامێکی ئەرێنی نەبووە.

لە لایەکی دیکە لەسەر دەستگیرکردنی ئەو سەرکردەیەی حەشدی شەعبی، هاوپەیمانی فەتح لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، پرۆسەی دەستگیرکردنی فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی ئەنباری حەشدی شەعبی، کردە ئامانجیکی مەبەستدارە و پیلاننێکە بۆ تێکشکاندنی پێگەی حەشدی شەعبی.

حامید موسەوی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح لەو بارەیەوە وتی "پێویستە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران ئاگادار بێت، کە بووەتە یاریەک بەدەستی ئەمریکا و هۆکارێک بۆ کۆتایی پێهێنانی حەشدی شەعبی".

ئاماژەی بەوەشکردووە، بە تەواوی ڕوونبووەتەوە، کازمی و تیمە ئەمنییەکەی کار لەسەر جێبەجێکردنی پلانێکی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکەن، بۆ تێکشکاندنی حەشدی شەعبی و لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا هەوڵەکان پێشهاتی مەترسیدار بەدوای خۆیاندا دەهێنن و نیگەرانی و رەتکردنەوەیەکی جەماوەریی دینێتە ئاراوە و یەکبوونی حەشدی شەعبی بەرجەستە دەبێت لە دژی ئەو پیلانە دوژمنکارانەیە بەرامبەر بە دەستگیرکردنی ئەو سەرکردەیەی حەشدی شەعبی.

هەر لەو چوارچێوەیەدا قەیس خزعەلی ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهلی حەق، کە یەکێکە لەگروپەکانی حەشدی شەعبی لەسەر دەستگیر کردنی قاسم موسڵح سەرکردەی دەستگیر کراوی حەشدی شەعبی هاتە دەنگ و رایگەیاند، ئەو کارە هەوڵێکی چەپەڵە بۆ تێکدانی دۆخی ئەمنی.

قەیس خزعەلی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردەوە، پرۆسەی دەستگیرکردنی قاسم موسڵح لە دەرەوەی ڕێوشوێنە یاسایی و سەربازییەکانە و هەوڵێکە بۆ بەلاڕێدا بردنی دۆخی گشتییەوە و لەبیربردنەوەی کێشە سەرەکییەکانە لە عێراقدا.

خزعەلی جەختیکردووەتەوە، دەستگیرکردنی ئەو سەرکردەیەی حەشدی شەعبی، هەوڵێکە بۆ دروستکردنی بێسەروبەری و هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختە و پیکهێنانی حکومەتی کاربەڕێکەر و پەکخستنی دەستورە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا لە ئێستادا، هێزەکانی حەشدی شەعبی بە چەکی سوک و مامناوەندییەوە لە دەروازەکانی ناوچەی سەوز بڵاوەیان پێکراوە، لە بەرامبەریشیان هێزی دیکەی سەربازیی بڵاوەیان پێکراوە و دەروازە سەرەکییەکانی ناوچەکەیان داخستووە و دەیپارێزن.

 



ڕیکلام