ئێران هۆشداری دەداتە کاندیدەکانی سەرۆکایەتی وڵاتەکەی

  2021-05-31  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەرپرسانی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران هۆشداری بە کاندیدەکانی سەرۆکایەتی ئێران دەدەن "هێڵە سوورەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران نەبەزێنن" .

عەلی ئەلقاسی میهر، دادپارێزی گشتی تاران  بە میدیاکانی ئەو وڵاتەی ڕاگەیاندووە "نابێت کاندیدەکان لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنیاندا و لە وتارەکانیاندا هێڵە سوورەکانی کۆماری ئیسلامی ببەزێنن و ئەگەر  هەنگاوێکی لەو جۆرە نرا ئەوا بەوپەڕی سووربوونەوە وەڵام دەدرێتەوە ."

عەلی ئەلقاسی  هۆشداری دەدات بە کاندیدەکان لەوەی هیچ هێرشیک نەکرێتە سەر ناوبانگی دەسەڵاتی دادوەریی.  ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری و کاندید بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئێران لە هەموو کاندیدەکانی تر زیاتر بەخت یاوەرییەتی تا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بباتەوە.

ڕەئیسی لە ساڵی 2017دا خۆی کاندید کردبوو بۆ پۆستی سەرۆکی ئێران و ڕکابەری حەسەن ڕۆحانی بوو، توانی لەسەدا 38ی دەنگەکان بەدەستبێنێت، بەڵام بۆ هەڵبژاردنی ئەمساڵ کە بەرەنگاری 4 کاندیدی کۆنەپارێز و 2 کاندیدی ڕیفۆرمخواز دەبێتەوە، کارەکەی ئاسانترە چونکە هەر 6 کاندیدەکەی تر پشتیوانییەکی ئەوتۆیان نییە لەناو خەڵکدا .

سەرچاوەکان لە ناو ئێران لەوبڕوایەدان پەسەندکردنی کاندیدەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەمساڵی سەرۆکایەتی لەلایەن شورای نیگەهبانەوە بە بەرنامە بووە تا سەرکەوتنی ئیبراهیم ڕەئیسی مسۆگەر و بێ گێرمەوکێشە بێت .

ئایەتوڵا عەلی خامنەئی، ڕێبەری باڵای ئێران، ڕۆژی پێنجشەممە لە وتارێکدا سنوری کێشا بۆ وتاری کاندیدەکان و فرمانیدا بە هەر 7 کاندیدەکە لە وتارەکانیاندا جەخت بکەنەوە لە دۆسێ ئابورییەکان، لەوانە بێکاری لاوان و بژێوی خەڵک، ئەم دوو بابەتەش بوونەتە دوو بابەتی سەرەکی لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی ڕەئیسیدا .

لە ڕۆژی هەینییەوە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن دەستیان پێکردووە لەنێو ژینگەیەکی بێزاریدا بەهۆی قەیرانە مەترسیدارەکانی ئابوری و کۆمەڵایەتی ئێرانەوە .

بڕیارە ڕۆژی 18ی مانگی 6 ئێرانییەکان بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی جێگرەوەیەک بۆ حەسەن ڕۆحانی سەرۆکی ئێران، کە بەپێی دەستوری ئێران بۆی نییە خۆی کاندید بکاتەوە بۆ گەڕی سێهەمی سەرۆکایەتی .



ڕیکلام