بەشێک لە دانیشوانی ناحیەی باتیڤا لەبەردەم بارەگای میتی تورکیا گردبوونەوە

  2021-06-02  | 
دۆسیە:  دهۆک
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەشێک لە هاوڵاتیانی گوندی کەشانێی سەر بە ناحیەی باتیڤا لە دژی هێرش و تۆپبارانەکانی تورکیا لەبەردەم بارەگای دەزگای هەواڵگری میتی تورکیا گردبوونەوە.

هاوڵاتیەکی گوندی کەشانێ بە تۆڕی هەواڵی ژیانی ڕاگەیاند، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر هاشم عومەر موختاری گوندەکە ئاگادار کراونەتەوە کە دەتوانن بچنە ناو رەز و باغەکانی خۆیان، بەڵام لەو کاتەی کە چوونەتە ناو رەز و باغەکانیان، لە لایەن سوپای تورکیاوە بۆردومانکراون.

ئەو هاوڵاتییە وتی "گردبوونەوەکەمان بۆ نارەزایی دەربڕینە لە بەردەم بارەگای میتی تورکیا لە ناحیەی باتیڤا و چیتر زۆرداری قبوڵ ناکەین".

ئەو گردبوونەوە و ناڕەزایەتییەی دانیشتوانی ئەو گوندە لە دژی دەستدرێژییەکانی سوپای تورکیا لە کاتێکدایە، ماوەی زیاتر لە ٤٠ ڕۆژسوپای تورکیا بە بیانووی بوونی گەریلاکانی پەکەکە ئۆپراسیۆنی فراوانی لەدەڤەری قەزای زاخۆ و ئامێدی لە سنوری پارێزگای دهۆک دەستپێکردووە، کە تا ئێستا بەهۆیەوە چەند گوند و ناوچە چۆڵکراون و زیانی زۆریش بەر ڕەز و باغ و لەوەڕگای هاوڵاتیان گەیشتووە.



ڕیکلام