سۆرانی  |  بادینی  |  English      

دادگا فەرماندە دەستگیر کراوەکەی حەشدی شەعبی ئازاد کرد

  2021-06-07  | 
دۆسیە:  حەشدی شەعبی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دادگای عێراق ئەمڕۆ قاسم موسڵیح فەرماندە دەستگیرکراوەکەی حەشدی شەعبی ئازاد کردووە.

چەند میدیایەکی ناوخۆیی عێراق لە زاری سەرچاوەیەکی دادوەرییەوە بڵاویانکردووەتەوە، بەهۆی نەبوونی بەڵگەی تەواوەوە دادگا بڕیاری ئازادکردنی بۆ قاسم موسڵحی فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی لە ئەنبار دەرکردووە.

هاوکات چەند پەیجێگی نزیک لە حەشدی شەعبی هەواڵەکەیان بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەیان بەوەشکردووە، لە شاری کەربەلا ڕێورەسمێکی فەرمی بۆ پێشوازیکردن لەو سەرکردە ئازادکراوەی حەشدی شەعبی ساز دەکرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە لە ڕۆژی ٢٧ ی مانگی ئایاری ڕابردوەوە، هێزێکی ئەمنی تایبەت قاسم موسڵیحی فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی حەشدی شەعبیان لە بەغدا دەستگیر کرد.

دوای دەستگیرکردنی قاسم موسڵح  فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای ئەنباری حەشدی شەعبی، دۆخی ناوچەی سەوزی بەغدا ئاڵۆزبووە و حەشدی شەعبی هێزەکانی خۆی لە ناوچەی سەوزی بەغدا بڵاوەپێکردووە و لە بەرامبەریشدا هیزە ئەمنییەکانی دیکە بەرامبەریان هاتوونەتە سەر شەقام  و دەروازە سەرەکییەکانی ناوچەی سەوز دەپارێزن.