رەگەزنامەی هەرێم بە بەغداوە دەبەسترێتەوە

  2021-06-08  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەڕێوەبەرایه‌تى گشتیی ڕەگەزنامە و نشینگەی هەرێم ڕایگەیاند، لە ماوەیەکی نزیکدا بەڕێوەبەرایەتییەکەیان بەشێوەی ئەلکترۆنی دەبەسترێتەوە بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕەگەزنامەی بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق، ئەوەش کارئاسانی دەکات بۆ ئەو هاوڵاتییە عێراقییانەی لە هەرێم نیشتەجێن.

هێرش ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایه‌تى گشتیی ڕەگەزنامە و نشینگەی هەرێم بۆ ئاژانسی هەواڵی  عێراقی باسی لەوەکردووە، ئەو هاوڵاتییە عەرەبە عێراقیانەی لە هەرێمی کوردستاندا نیشتەجێبوون پێویستیان بەوە نییە کارتی نشینگە (ئیقامە)یان پێ بدرێت، ئەو کارتە تەنها بەو کەسانە دەدرێت کە عێراقی نیین و لەهەرێم نیشتەجێین.

بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایه‌تى گشتیی ڕەگەزنامە و نشینگەی هەرێم ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆ لەمەودوا بەڕێوەبەرایەتییەکەیان بە شێوازێکی ئەلیکترۆنی دەبەسترێتەوە بە بەڕێوەبەرایەتی ڕەگەزنامە لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق، ئەوەش وادەکات مامەڵەی هاوڵاتییەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق کە لەهەرێم نیشتەجیبوون ئاسان بێت، بەتایبەتی مامەڵەکانی باری شارستانی و هێنانی قەید.

هێرش ئەحمەد ئەوەشی خستوەتەڕوو، هاوڵاتیانی پارێزگاکانی دیکەى عێراق ئەگەر دانیشتووی هەرێمیش نەبن دەتوانن پاسپۆرت لەفەرمانگەکانی پاسپۆرتی شارەکانی هەرێمی کوردستان دەربهێنن. دەشڵێت، لەئێستادا هەماهەنگییەکى تەواو و ئەرێنی لەنێوان وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و ناوخۆی حکومەتی فیدراڵیدا هەیە.



ڕیکلام