لەبارەی لێبڕینی موچەوە 12 پەرلەمانتار داوای دانیشتنی پەرلەمان دەكەن

  2020-06-28  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ژمارەیەك پەرلەمانتاری فراكسیۆنە جیاوازەكانی پەرلەمانی كوردستان داوا دەكەن لە نزیكترین دانیشتنی پەرلەماندا گفتوگۆ لەبارەی لێبڕینی موچەی فەرمانبەران بكرێت.

بەگوێرەی نوسراوێك كە دەست (تۆڕی هەواڵی ژیان) كەوتووە، ژمارەیەك پەرلەمانتاری فراكسیۆنەكانی كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامی و ئازادی و سەربەخۆكان واژۆیان كردووە دەڵێن: ئێمە ژمارەی یاسایی ئەندامانی پەرلەمان بابەتی گشتی (لێ بڕینی موچە) دەخەینە بەردەستان. 
ئەو پەرلەمانتارانە دەشڵێن: داواكارین ئەم پرسە هەنووكەییە لە نزیكترین دانیشتنی پەرلەماندا بە ئامادەبوونی حكومەت بخرێتە بەرنامەی كارەوە و حساب بۆ لێكەوتە و مەترسیەكانی بكرێت. 
ئەوە لە كاتێكدایە وا بڕیارە سبەینێ پەرلەمانی كوردستان كۆببێتەوە و دەنگ بدات لەسەر پێشنیازە بڕیاری (پێشكەشكردنی پێشنیازە یاسا و پێشنیازە بڕیار لەلایەن ئەندامانی پەرلەمان، بەدەر لە حوكمی ماددەی (82)ی پەیڕەوی ناوخۆ) وە لە تەوەرێكی دیكەی دانیشتنەكەدا گفتوگۆ دەكات لەبارەی درێژكردنەوەی خولی بەهارەی ساڵی دووەم لە خولی هەڵبژاردنی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان.


ڕیکلام