بانکی ناوەندیی عێراق ڕاگەیەندراوێکی لەسەر نرخی دۆلار بڵاوکردەوە

  2021-06-12  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بانکی ناوەندیی عێراق ڕایگەیاند، بەهای دۆلار جێگیرە و هیچ بڕیار و نییەتێک نییە بۆ گۆڕانکاری لە نرخەکەیدا.

لە بەیاننامەیەکدا بانکی ناوەندیی عێراق بڵاویکردەوە، ئەو دەنگۆ و زانیارییانەی کە بڵاودەکرێتە سەبارەت بە گۆڕانکاری لە نرخی دۆلاردا هیچ بنەمایەکیان نییە.

بانکی ناوەندیی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو نرخیەکە لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠دا بڕیاری لێدراوە بۆ گۆڕینەوەی دۆلار، پشتی بە توێژینەوە و لێکدانەوەیەکی قوڵی پێداویستییەکانی ئابوری و دارایی و ئامانجی سیاسەتی نەختینەی عێراق بەستووە.

ڕوونیشیکردەووەتەوە، فرۆشی دراوی بیانی پشتی بەستووە بە جێگیری بری یەدەگی بیانی بە بڕێکی زۆر باش، بەو هۆیەشەوە بڕی فرۆشی دراوی بیانی زیاتر کراوە، بۆ ئەوەی سەرجەم پێداویستییە مەشروعەکان لەخۆ بگرێت.

بانکی ناوەندیی عێراق جەختیشیکردووەتەوە، بەم نزبکانە بەهای دۆلار جێگیر دەبێت، ئەویش لە بەرئەنجامی ئەو ڕێوشوێنانەی کە بانگی ناوەندیی بەدواییانە گرتوویەتییە  بەر و بەردەوامیش دەبێت لە گرتنە بەری.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا بانکی ناوەندیی عێراق جەختیکردەوە، ئەو دەنگۆیانەی کە باس دەکرێت و بڵاودەکرێتەوە دەربارەی نرخی دۆلار، لە لایەن کەسانی چاوچنۆکەیەوە بە ئامانجی سود و قازانجی تایبەتە و هیچی تر، بانکی ناوەندیش کەناڵی پەیوەندیی فەرمی هەیە کە خۆی دەبینێتەوە لەسەرچاوە فەرمییەکانی.
ئەو بەیاننامەیەی بانکی ناوەندیی عێراق لە کاتێکدایە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەند میدیایەکی ناوخۆیی عێراق، دەنگۆی ئەوەیان بڵاوکردەوە کە گوایە نرخی دۆلار زیاتر بەرزتر دەبێتەوە لەوەی کە هەیە، بە تایبەت لە چەند ڕۆژی کۆتایی هەفتەی ڕابردوودا، نرخی ١٠٠ دۆلار چووە سەروی ١٥٠ هەزار دیناری عێراقییەوە، ئەوەش گومانی لای هەندێک دروستکرد، کە پێدەچێت نرخی دۆلار زیاتر بەرزتر بێتەوە لەوەی کە هەیە.



ڕیکلام