سەرۆک وەزیرانی نوێی ئیسرائیل هەڵوێستی خۆی لە بەرامبەر ئێران ڕاگەیاند

  2021-06-13  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەرلە پرۆسەی دەنگدانەکەی ئەمشەوی کنێستی ئیسرائیل لەسەر دەستبەکاربوونی سەرۆک وەزیرانی نوێ، نەفتالی بینیت سەرۆک وەزیرانی نوێی ئیسرائیل ڕایگەیاند، سیاسەتی وڵاتەکەی لە بەرامبەر ئێران گۆڕانکاری بەسەردا نایەت و لە ڕێگریکردن لەوەی ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

لە وتەیەکدا لە سەرەتای دانیشتنی دەنگدان و پەسەندکردنی سەرۆک وەزیرانی نوێی ئیسرائیل، بینیت ڕایگەیاند، پلان دادەنێت بۆ بەردەوامبوونی سیاسەتەکانی بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی پێشوو بەرامبەر بە ئێران.

سەرۆک وەزیرانی نوێی ئیسرائیل لەوبارەیەوە وتی "گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا، هەڵەیە و شەرعیەت دەداتەوە بە یەکێک لە هەرە توندوتیژترین سیستمەکانی جیهان".

نەفتالی بینیت ڕوونیکردەوە، بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەن ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی لەو بارەرەوە وتیشی " ئیسرائیل لایەنێک نییە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، بۆیە پارێزگاریی دەکات لە ئازادی هەڵسوکەتەکانی خۆی بە تەواوی".

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا سەرۆک وەزیرانی نوێی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەکرد، پلانی کاری هەمەلایەنە و هاوبەش لە ساڵی ٢٠١٥ کە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لێکەوتەوە، شەرعیەتی نێودەوڵەتی دایە ئێران و بە ملیاران دۆلاری خەرجکرد، بە وتەی ئەو بۆ بنیاتنانی سەرچاوەی تیرۆر لە سوریا و غەزە و لوبنان و یەمەن بەکاری هێناوە.

لە دوای پەسەندکردنی وەک سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، جۆ بایدن وەک یەکەم سەرکردەی جیهان پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە نەفتالی کرد و ڕایگەیاند، حکومەتی ئەمریکا کار دەکات لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی نوێی ئیسرائیل، بە مەبەستی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات.

بایدن لەو بارەیەوە وتی "ئیسرائیل هیچ دۆستێکی باشتری لە ئەمریکا نییە و واشنتۆن بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی ئاسایشی ئیسرائیل".

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ئێستادا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران لە گفتوگۆی ناراستەوخۆدان لە ڤیەننا ، بە مەبەستی گەڕانەوە بۆ پلانی کاری هاوبەشی گشتی، کە ئامانج لێی سنوردارکردنی تواناکانی تارانە، بۆ ئەوەی نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

لە سەردەمی دەستبەکار بوونی دۆناڵد ترەمپ لە پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا، واشنتۆن زنجیرەیەک سزای قورسی سەپاند بەسەر ئێراندا، لە ئیستادا تاران داوای هەڵگرتنی سزا دەکات، بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە و کەمکردنەوەی ئاستی پێتاندنی یۆرانیۆم، کە لە ساڵی ڕابردووەوە بەڕێژەیەکی بەرچاو زیادیکردووە.

مانگی ڕابردووش سەرۆک وەزیرانی هەڵبژێردراوی ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو، تا ئەو کاتەی ناوچەکە بە روون و راشکاوی دان بە مافی ئیسرائیلدا نەنێت وەک بوون و دەوڵەتێکی جولەکەی سەربەخۆ، بە هیچ شێوەیەک ئاشتی لە ناوچەکەدا نایەتە کایەوە، ئەم پەیامەش گرنگە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن بیبیستن.



ڕیکلام