کەسانی نەناسراو داوای روخاندنی مەزارێکی سوننەکان دەکەن

  2021-06-14  | 
بڵاوکردنەوەی هێزی ئەمنی لە دەوروبەری مەرقەدی مەزاری ئەبو حەنیفە نوعمان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دوای تەنها دوو ڕۆژ لە داخوازییەکان بۆ لابردنی پەیکەری ئەبوجەعفەری مەنسور لە بەغدا، داخوازییەکی مەترسیدار تر لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاوکراوەتەوە، کە داوای ڕوخاندنی مەزاری (ئەبو حەنیفە نوعمان) دەکرێت، کە دەکەوێتە ناوچەی ئەعزەمیەی بەغدا.

ماڵپەڕی حوڕەی ئەمریکا لە زاری ئەحمەد ئەعزەمی دانیشتووی ناوچەکە بڵاویکردەوە، ئەبو حەنیفە یەکێکە لە ڕابەرە سەرەکییەکانی چوار مەزهەبەکە و بە یەکێک لە هەرە کاریگەرترین کەسایەتییەکان دادەنرێت لە ناو ئایینی ئیسلامدا.

ئەحمەد جبوری پەرلەمانتاری عێراق، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر وێنەی هێزە ئەمنییەکانی بڵاوکردووەتەوە، کە لە دەوروبەری مەزاری ئەبو حەنیفە نوعمان لە ترسی ئەو هەڕەشانە بڵاوەیان پێکراوە و لە سەری نووسویەتی (دوای مەنسور پێدەچێت ئەبو حەنیفە بە هەمان شێوە داواکراو بێت).

دوای بڵاوبوونەوەی ئەو بابەتە، ناوەندە ئاینییەکانی شیعەی عێراق ئیدانەی ئەو ئەو داخوازیانەیان کرد، کە داوای ڕوخاندنی مەزاری ناوبراو دەکەن.

دواتریش پیاوانی ئایینی شیعە و سوننە پێکەوە لە مەزارەکە نوێژ بەکۆمەڵیان ئەنجامدا، وەک ئاماژەیەک بۆ دژایەتی و ئیدانەکردنی ئەو داوایانە، دواتریش چالاکوانە شیعەکان سەردانی مەرقەدەکەیان کرد و پشیتوانی خۆیان بۆ دانیشتوانی ناوچەکە دەربڕی.

محەمەد ئەلحەسەنی لە حەوزەی زانستی شیعەکان بە ماڵپەڕی حورەی ڕاگەیاندووە، شیوازی نوسینی بڵاوکراوەکان، وەک ئەوەی ئاماژە بن بۆ ئەوەی لە لایەن توندرەوانی شیعەوە نوسرابێت، بەڵاک ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە، هیچ کەسێک لە ناوەندە ئایینییەکان گوێبیستی ئەو داخوازییە نەبووە، تا ئەوکاتەی لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەش دەریدەخات ئەو داوایانە شتێکی دروستکراوە و ئامانج لێیان دروستکردنی ناکۆکی کۆمەڵایەتییە، بە تایبەت کە لە وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان نزیک دەبنەوە.

محەمەد ئەلحەسەنی جەختیشی کردەوە، مەزاری ئەبو حەنیفە ماوەی سەدان ساڵە هەیە، لە بەرامبەریشدا مەزاری ئیمام موسای کازم لەبەر دووەمی روبارەکە بوونی هەیە، مێژوو هیچ کێشەیەکی لە نێوان شوێنکەوتوانی ئەو دوو ڕابەرە ئایینییە تۆمار نەکردووە، بۆ ئەو داوایە زۆر نامۆ و گومانلێکراوە و پێدەچێت هەر دروستکراویش بێت.

بەڵام دەزگا ئەمنییەکان بابەتەکەیان بەگرنگ وەرگرتووە و هێزی ئەمنییان لە دەوروبەری مەزارەکە بڵاوە پێکردووە.

لەوبارەیەوە سەرچاوەیەکی ئەمنی عێراق بە حوڕەی ڕاگەیاندووە، گەر مەزاری ئەبو حەنیفە بڕوخێندرێت کارەساتێکی گەورە بەرپا دەکات، بە تایبەت لە ساڵی ٢٠١٥شدا هێرشی کرایە سەر، بۆیە جارێکی دیکە ڕێگە نادەن دووبارە بێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە،ئەگەر ئەو بانگهێشتانەش وەهمیش بن، بەڵام هەر جێگەی دوو دڵییە.

ئەوەش لە کاتێکدایە لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی هەڵواسینی چەند وێنەیەکی عەلی خامنەئی ڕابەری باڵای ئیران لە ناوچەی ئەعزەمیە، نارەزاییەکی جەماوەریی گەورە هاتە ئاراوە و ئەوەش حکومەتی ناچار کرد وێنە لابەرێت.

ناوچەی ئەعزەمیەی بەغدا بە پێگەیەکی بەهێزی سونەکان دادەنرێت لە شارەکە، کە جگە لە بوونی مەزاری ئەبو حەنیفە نوعمان چەندین دامەزراوەی ئایینی وەقفی سونی تێدایە و بە یەکێک لە هەرە ناوەندە بازرگانییە گرنگەکانی بەغداش دادەنرێت، بە تایبەت کە نزیکە لە ڕۆخی ڕوباری دیجلەوە.



ڕیکلام