ئەندامانى لیژنەى دەستپاکى: هاتنی پارە بۆ هەرێم هیچ گرفتێکی یاسایی نیە

  2021-06-16  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دوو ئەندامى کوردى لیژنەى دەستپاکی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە ڕونکردنەوەیەکدا ئەو بەیاننامەیەی لیژنەی نەزاهەی پەرلەمان رەتدەکەنەوە کە دەڵێت: هاتنی پارە بۆ هەرێم گرفتى یاسایی هەیە.

دەشڵێن: بە هەمو جۆرێك ئەو بەیاننامەیەی لیژنەی نەزاهەی پەرلەمان رەتدەکەینەوەو پێمانوایە هاتنی پارە بۆ هەرێم هیچ گرفتێکی یاسایی نیەو لەچوارچێوەی یاسای بودجەی عیراقی ساڵی ۲٠۲۱ جێی کراوەتەوە.

دوپاتیشی دەکەنەوە کە ئەو پارەیە بەپێی یاسای بودجەو بەپێی بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران تەنها بۆ موچە خەرجدەکرێت و بەهۆیەوە نابێ لێبڕینی موچە لەهەرێمی کوردستان بمێنێت .

ئەوەش دوایى ئەوە دێت، خالید شوانى وەزیرى هەرێم بۆ کاروبارى دانوستان لەگەڵ بەغدا کە ئەندامی شاندی دانوستانکاری هەرێمیشە رایگەیاند، ئەنجومەنى وەزیرانی عێراق بڕیاریدا مانگانە بڕى ٢٠٠ ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت.

هاوکات، لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ناردنی 200 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان نایاساییە و پێچەوانەی ماددەی 11ـی بودجەی 2021ـە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، هۆشداریی بە پەرلەمان و بانکی ناوەندی دەدەین ئەو هەنگاوە نایاساییە نەنێن.

ئەوە لە کاتێکدایە، ماوەی زیاتر لە دوو مانگە بودجەی عێراق پەسەندکراوە، بەڵام تائێستا پشکى هەرێم نەنیردراوە و بەرپرسانى هەردوولاش یەکترى بەجێبەجینەکردنى ڕێککەوتنەکەى نێوانیان تۆمەتبار دەکەن.

پشکى هەرێم لە بوجەى عێراق بە ١٢.٦٧٪ دیارییکراوە، لە بەرامبەردا، حکومەتى هەرێم پابەندکراوە بە رادەستکردنى ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بە نرخى سۆمۆ لەگەڵ رادەستکردنى نیوەی داهاتی خاڵە سنورییەکان.

دەقى ڕونکردنەوەکەى ئەندامانی کورد لە لیژنەی نەزاهە

رونکردنەوەیەك بۆ ڕای گشتی

ئێمە دوو ئەندامی کورد لە لیژنەی نەزاهە_دەستپاکی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بە هەمو جۆرێك ئەو بەیاننامەیەی لیژنەی نەزاهەی پەرلەمان رەتدەکەینەوەو پێمانوایە هاتنی پارە بۆ هەرێم هیچ گرفتێکی یاسایی نیەو لەچوارچێوەی یاسای بودجەی عیراقی ساڵی ۲٠۲۱ جێی کراوەتەوە. لەبەرئەوەش کە یاساکە بۆ کۆی ساڵی ۲٠۲۱ ئەژماردەکرێ، هەربۆیە دەبێ پارەکە لە سەرەتای ساڵەوە حساب بکرێ و بنێردرێت .

دوپاتیشی دەکەینەوە کە ئەو پارەیە بەپێی یاسای بودجەو بەپێی بڕیارەکەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیرانیش تەنها بۆ موچە خەرجدەکرێت و بەهۆیەوە نابێ لێبڕینی موچە لەهەرێمی کوردستان بمێنێت .

جەمال شوکر

د. رێبوار کریم محمود

ئەندامانی کورد لە لیژنەی نەزاهە



ڕیکلام