چی لەسەر هێلکەی سپی و سور دەزانیت ؟

  2021-06-19  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هێلکە یەکێکە لەو خۆراکانەی سودێکی زۆری هەیە، ئەویش بەهۆی دەوڵەمەندی بە پڕۆتین و ڤیتامینەکان جگەلەوەش هەرسکردنی ئاسانە، بەڵام هەڵبژاردنی کام هێلکەیە سور یان سپی سودی زیاترە؟

ماڵپەری سوریا تودەی بڵاویکردووەتەوە ، ڕەنگی هێلکە بەپێی جۆری مریشکەکە و ئەو خواردنەی کە دەدرێت بە مریشکەکە دەگۆڕێت، تەنانەت کاریگەری لەسەر رەنگی زەردێنەی هێلکەکە دەبێت .

پسپۆڕانی ئەو بوارە دەڵێن ، لەکاتی کڕینی هێلکە لە بازاڕدا پێویستە ئاگاداری کاتی بەسەرچونەکەی بیت، چونکە هۆکارە بۆ گواستنەوەی بەکتریا بۆ جەستە، دەشبێت هێلکە لە ساردکەرەوەدا و دوور لە خۆراکەکانی تر هەڵبگیرێت، پێش بەکارهێنانیشی بشۆرێتەوە هەندێک جار بەرگی هێلکە ماددەی سالمۆنیلا و مادەی پاریزگاریی "مواد حافیزە" دەگوازێتەوە بۆ ناو هێلکەکە و مەترسی تەندروستی دروستدەکات .

 هەرچەندە هەندێک کەس پێیوایە هێلکەی سپی سودی زیاترە، بەپێچەوانەشەوە بەشێکی تر لە خەڵکی هێلکەی سور بە تەندروست تر دادەنێن، بەڵام شارەزایان دەڵێن کە ڕەنگی هێلکە بەپێی جۆری مریشک دەگۆڕێت و کاریگەرییە تەندروستییەکانیشی وەکو یەک وایە .

بەڵام ئەوەی دەرکەوتووە ئەوە کە ئەو مریشکانەی کە پەڕیان سپییە ئەوا جۆری هێلکەکەشیان سپییە، هەروەها ئەو مریشکانەشی کە ڕەنگی پەڕەکەیان قاوەییە ئەوا ڕەنگی هێلکەکەیان قاوەییە یاخود سورە، هەروەها  کاڵی و تۆخی ڕەنگی زەردێنەی هێلکە دەکەوێتە سەر جۆری ئەو خۆراکەی کە دەدرێت بە مریشکەکە، ئەگەر خۆراکەکەی ڕێژەی کارۆتینی تێدا بەرزبێت ئەوا ڕەنگی زەردێنەکە نزیک دەبێت لە ڕەنگی پرتەقاڵییەوە .



ڕیکلام