لە ناوخۆیی سوریا هێرشکرایە سەر بنکەیەکی هێزەکانی ئەمریکا

  2021-06-28  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ڕوانگەی مافی مرۆڤی سوریا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا کە لە ناو کێڵگەیەکی نەوتیدا لە ناوخۆیی سوریا، بە تۆپی دوورهاوێژ هێرشی کراوەتە سەر.

ڕوانگەی مافی سوریا بڵاویکردەوە، چەند گولـلە تۆپێک  ئاراستەی هەردوو کێڵگەی نەوتی (عومەر) و (مەساکن) لە ناوچەی ڕیفی دیرەزوری خۆرهەڵات کراوە، کە هێزەکانی ئەمریکا کردوویانەتە بنەکەی سەربازیی خۆیان.

بە گوێرەی زانیارییەکانی ڕێکخراوەکە هێرشەکە زیانی مادی لێکەوتووەتەوە و چەند ئوتۆمبێلێک لەو بنکەیەی سوپای ئەمریکا سوتاون، بەڵام هیچ زانیارییەک نییە لەسەر زیانی گیانی.

ڕوانگەی مافی مرۆڤ ئاماژەی بەوەشکردووە، میلیشیاکانی نزیک لە ئێران لە ناوچەکانی خۆرئاوای ڕوباری فوراتەوە ئەو بنکەیەی سوپای ئەمریکایان کردووەتە ئامانج.

دوای ڕوداوەکەش هێزەکانی ئەمریکا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان بۆ ئاسمانی ناوچەکە ئاراستەکردووە، بە مەبەستی چاودێریکردنی ڕەوشەکە.

درەنگانی شەوی رابردوو هێزی ئاسمانی ئەمریکا لە رێگای فڕۆکەی جەنگییەوە هێرشی ئاسمانی کردە سەر بنکە و بارەگای گرووپە چەکدارییەکانی نزیک لە ئێران لە سنوری عێراق و سوریا، بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی بەرگری ئەمریکاش هێرشەکە "وەک وەڵامێک بووە بۆ هێرشی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی ئەو گروپانە بۆ سەر بەرژەوەندی و دامەزراوەکانی ئەمریکا لە عێراق ".

بەگوێرەی زانیاری میدیاکانی نزیک لە حەشدی شەعبی بەهۆی هێرشەکانی شەوی رابردووەوە چوار چەکداریی سەر بە حەشدی شەعبی کوژراوە .



ڕیکلام