وەزیری دەرەوەی ڕوسیا داوایەکی ئاراستەی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان کرد

  2021-07-02  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕوسیا داوای لە کوردی ڕۆژئاوای کوردستان کرد، بایەخ بدەن بە گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی دیمەشق و مل نەدەن و نەچنە ژێر کاریگەریی ئەو هەوڵانەی کە دەدرێت بۆ جیابوونەوەیان.

لاڤرۆڤ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا لە مۆسکۆ ڕایگەیاند، ڕوسیا لە سەرەتای سەرهەڵدانی ناکۆکی و ململانێکانی ناوخۆیی سوریاوە، پشتیوانی گفتوگۆی ڕاستەوخۆی نێوان کورد و حکومەتی دیمەشقی کردووە، ئەویش بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتن بۆ چۆنێتی پێگەوەژیان لە یەک دەوڵەتدا.

وەزیری دەرەوەی ڕوسیا ئاماژەی بەوەشکرد، عێراقی هاوسێ باشترین نموونەیە کە دەکرێت سودی لێ ببینرێت لەوبارەیەوە.

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا وەزیری دەرەوەی ڕوسیا ئاشکرایکرد، لە پەیوەندیدان لەگەڵ لایەنە کوردییەکاندا بۆ ئەوەی ئاگاداری هەڵوێستەکانیان بن، بەڵام لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە، سەربەخۆیی خۆیان بپارێزن و بایەخ بدەن بە چارەسەرکردنی هەموو کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ حکومەتی ناوەندییدا.

لاڤرۆڤ ئاشکرایکرد، دوای ئەوەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، بڕیاریدا هێزەکانی وڵاتەکەی لە ناوخۆیی سوریا بکشێنێتەوە، دەستبەجێ سەرکردە کوردییەکان روویان کردە مۆسکۆ، بۆ ئەوەی  هاوکاریان بکەن لە دروستکردنی پردی پەیوەندیی لەگەڵ دیمەشقدا، بەڵام کاتێک واشنتۆن دوای چەند ڕۆژێک لە بڕیارەکەی پاشگەز بوەوە، بایەخی کوردەکان بەو پەیوەندییانە نەما و لێی پاشگەزبوونەوە.

لە کۆتایی وتەکانیدا وەزیری دەرەوەی ڕوسیا، هۆشداریدا لە هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ هاندانی هەندێک لە ڕێکخراوە کوردییەکان بۆ جیابوونەوە، ڕوونیشکردەوە ئەو کوردانەی لە هەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیانن لەگەڵ دیمەشق لە مەترسی ئەو هەنگاوە تێدەگەن.



ڕیکلام