کازمی: داوامان لە ئەمریکا و ئێران کردووە کێشەکانیان لە عێراقدا یەکلاینەکەنەوە

  2021-07-04  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڕایگەیاند، داوایان لە ئێران و ئەمریکییەکان کردووە، دوورکەونەوە لە یەکلاکردنەوەی کێشەکانیان لە ناوخۆیی عێراق، لەو بڕوایەشدا ڕێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران، کاریگەریی لەسەر سەقامگیری عێراق و ناوچەکەش دەبێت.

کازمی لە دیدارێکدا لەگفتوگۆیەکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (لاریبۆلیکا)ی ئیتالیا ڕایگەیاند، توانیویانە خۆیان ئەو هەڵدێرە لە  وڵات دووربخەنەوە کە خەریک بوو عێراق دەخستە کەندەڵانەوە، بە تایبەت لە دوای روداوەکانی پایزی ٢٠١٩ و ئەو ڕێگرییانەی هاتنە بەردەمیان.

سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، تا ئێستاش مەترسی داعش ماوە، خەریکی خۆ ڕێکخستنەوەیە، بەڵام چیتر تیرۆریستان ناتوانن پێگەی جوگرافی بۆخۆیان دەستبەر بکەن، گورزی کارگەرییان لێ وەشێنراوە و زۆرێک لە سەرکردەکانی کوژراون.

کازمی روونیکردەوە، هاوکاری و هەماهەنگییان لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان چووەتە قۆناغێکی کاریگەرەوە، داوایان لە حکومەتی ئیتالیا کردووە، لە ڕێزی یەکەمی ئەو هێزانە بمێنێتەوە، کە راهێنان بە هێزە عێراقییەکان دەکەن.

سەرۆک وەزیرانی عێراق لەو دیدارەدا دووپاتیکردەوە "داوامان لە ئەمریکییەکان و ئێرانییەکانیش کردووە، دوورکەونەوە لە یەکلاییکردنەوەی کێشەکانیان لە ناوخۆیی عێراق، چەند ساڵێک لەمەوبەر وڵاتەکەمان ببووە گۆرەپانی ململانێ و پێکدادانەکان، بۆیە پێویستە ڕێگای گفتوگۆی سیاسی هەڵبژێرین بۆ چارەسەرکردنی ناکۆییەکان، بۆ ئەوەی هەموان سود لە بەرهەمەکەی وەربگرین".

کازمی ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ ئیدارەی جۆ بایدن سەرۆک ئەمریکا لە پەیوەندیدان، لەو بڕوایەشدا بتوان جوڵە بکەن بە ئاراستەی قۆناغێک بۆ گفتوگۆی هەرێمایەتی.

لە کۆتایی وتەکانیدا سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ رۆژنامە ئیتالییەکە جەختیکردووەتەوە، رێککەوتن لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران زۆر گرنگە، شتێکی یەکلاکەرەوەش دەبێت بۆ ناوچەکە، لەو بڕوایەشدایە قابلی ئەوەیە جێبەجێ بکرێت، سەرکەوتنی وتوێژەکانی ڤییەننا کاریکەریی ئەرێنی دەبێت لەسەر ناوچەکە، هاوکات خزمەت بە جێگرکردنی دۆخی ناوخۆیی عێراقیش دەکات.

  



ڕیکلام