رۆژنامەیەکی بەریتانی: هەڵبژاردنەکانی عێراق مەترسییان لەسەرە

  2021-07-10  | 
دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان لە عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لەراپۆرتێکی ماڵپەڕی سکای نیوزی بەریتانیدا هاتووە، لەگەڵ دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی عێراق کە بڕیارە لە 10ی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت، هۆشدارییەکان لەبارەی بڵاوبوونەوە و کەوتنەکاری "سوپایەکی ئەلیکترۆنی" لە عێراقدا دەدرێت و مەترسیی ئەوەش دەکرێت کە کاریگەریی لەسەر دەنگی گشتی خەڵکی بکات.

رۆژی 8ی ئەم مانگە، لیژنەی هەڵبژاردنە گشتییەکانی عێراق وادەی دەستپێکردنی بانگەشە هەڵبژاردنییەکانی عێراقی ئاشکراکرد، ئەمەش دوای ئەوەی لیستی کۆتایی پاڵێوراوانی هەڵبژاردنەکەی کە پێکهاتوون لە سێ هەزار و 243 کەس پەسەندکرد.

لێرەبەدوا، پاڵێوراوانی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێراق دەستدەکەن بە بانگەشە هەڵبژاردنییەکانیان لە رێگای سەردانە کۆمەڵایەتی، پرۆگرامە سیاسیی و هەروەها پێگە فەرمییەکانیان لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، لەگەڵ ئەوەشدا ناوەندە هەواڵییەکان و ئەوانەی کە چاودێری هەڵبژاردنەکە دەکەن هۆشداریی جددی دەدەن لەوەی کە دیاردەی دروستکردنی (سوپای پەیج و ناوەندی ئەلیکترۆنی) ساختە و بێ ناونیشان دەدەن و تیایدا ژمارەیەک لە پاڵێوراوەکان هەوڵ دەدەن کە پێگەی خۆیان بەهێزبکەن لە رێگەیانەوە.

نەبوونی چاودێرییەکی وردی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان

چاودێرییکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و سایتەکان لەئاستێکی لاوازدایە و زۆربەی جاریش، هێزە ئەمنییەکان ناتوانن دەستیان بەوکەسانە بگات کە لە سەرپێچییەکانەوە لە رێگای تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە تێوەگلاون، ئەمەش بە پلەی یەکەم بۆ نەبوونی یاسای تایبەت بە لەخۆگرتنی ئەم جۆرە سەرپێچییانە دەگەڕێتەوە، لەکاتێدا یاسای تاوانەکانی زانیار لە دۆڵابەکانی ئەنجومەنی نوێنەراندا بەدرێژایی خولیکی تەواو ماوەتەوە، هۆکارەکەشی بۆئەوە دەگەڕێتەوە کە لەبڕگەکانیدا یاسای ئازادییە تاکەکەسییەکان پێشێل دەکات.

لەوبارەیەشەوە، ناوەندی ژمارەیی راگەیاندن لە بەیاننامەیەکدا باسی لەوەکرد، لەم رۆژانەدا دەیان پەڕەی نوێ لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک هاتوونەتەکایەوە، هەروەها خۆیان وەک میدیا و ئاژانسی تایبەت بە کاروبارەکانی عێراق لەقەڵەمدەدەن.

زاراوەی "سوپا ئەلیکترۆنییەکان" ئەو چەمکەیە کە بۆ ئەو کۆمەڵە و گرووپە راهێنراوانە بەکاردێت کە لە ژێر پرەنسیپ  و ئەجێندای تایبەت و دیاریکراودا کاردەکەن، ئامانجیشیان بریتییە لە کاریگەریکردنەسەر نەیارەکانیان و کۆمەڵگای عێراقی، بڵاوکردنەوەی ئەجێندای تایبەت، خستنەڕووی بۆچوونی خۆیان، سەرباری بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیاری ناڕاست و بێ بنەما و درووستکردنی پشێوی لە نێو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا لە عێراقدا.

زۆرێک لە حزبە سیاسییەکان و بەتایبەتیش ئەوانەی ئەو حزبانەی کە لە ئێرانەوە نزیکن، هەروەها گروپەچەکدارانەی کە لە گۆڕەپانەکەدا بوونیان هەیە، هەوڵدەدەن لەرێگای بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست و بێ بنەما و پلانگێڕی سیاسی و درووستکردنی دۆسییەی ئابڕووبەرانە بۆ کەسایەتییە دیارەکان، زۆرترین ئەو لایەنانەن کە خاوەندارێتی ئەو پێگە و ئەکاونتە ئەلیکترۆنیانە دەکەن.

بڕیارە رۆژی 10ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی گشتی پێشوەختە لە عێراق بەڕێوەبچێت و تیایدا، بۆیەکەم جاریش ئەنجومەنی گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی چاودێری هەڵبژاردنەکە دەکەن.

هاوکات، هەر سێ سەرۆکایەتییەکی عێراق و لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکان دڵنیایی تەواودەدەن لەوەی کە هەڵبژاردنێکی دادپەروەرانە و ئازادانە بەڕێوەبچێت و، هەموو گەلی عێراقیش بەشێوەیەکی سەربەستانە بەشداری هەڵبژاردنەکە دەکەن.


ڕیکلام