دیاترین ئەو دۆسیانەی کازمی لەگەڵ لێپرسراوانی ئەمریکا تاوتوێی دەکات

  2021-07-11  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە خۆئامادەکردندایە، بۆ سەردانی ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەمریکا، کە لە دوای دەستبەکاربوونی جۆ بایدن سەرۆکی ئەو وڵاتەوە، یەکەمجارە کازمی سەردانی واشنتۆن بکات.

سەرچاوە نزیکەکان لە کازمییەوە کە ئاگادری سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراقن ئاماژە بەوە دەکەن، کازمی کۆمەڵێک دۆسەی گرنگ لەگەڵ خۆی دەباتە ئەمریکا، دیارترینیشیان بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و بنیاتنانی وێستگەی کارەبا و ڕاهێنان بە هێزە عێراقییەکان و بواری تەندروستی و فێرکردن.

بە گوتەی ئەو سەرچاوانە، هێزە سیاسییەکان بە تایبەت شیعییەکان، چەندین داواکاریان پێشکەش بە کازمی کردووە، بە مەبەستی ئەوەی بیانگەیەنێتە دەسەڵاتدارانی واشنتۆن، لە دیارترینیان کۆتایی هێنان بە بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و ڕێگەدان بە کۆمپانیای دیکە بۆ کارکردن لە پرۆژەکانی بواری وزەدا.

بە گوێرەی هەواڵ ئەو داخوازیانە هێزە سیاسییەکان  لەڕێگەی هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح گەیاندوویانەتە دەست کازمی، کە لەم دواییانەدا لەگەڵیدا کۆبووەتەوە.

ڕۆژی دووشەممەی ڕابردووش قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ماسیۆ تولەر باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا، گفتوگۆیانکرد دەربارەی سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی کازمی بۆ واشنتۆن.

لە دوای دەستبەکاربوونی وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەوە دووەمجارە مستەفا کازمی سەردانی ئەمریکا دەکات، کە پێشتر سەردانی واشنتۆنی کرد و لەگەڵ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی  ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆبۆوە.



ڕیکلام