فۆرمی ساختەی وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا لە عێراق بڵاوبووەتەوە

  2021-07-12  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردەوە، فۆڕمی تایبەت بە کوتانی ڤاکسینی کۆرۆنای ساختە بڵاوبووەتەوە و هەندێک لە کارمەندانی تەندروستی تیوەگلاون لەو گەندەڵییەدا.

سەرچاوەیەکی تەندروستی عێراق کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە، دزەپێکردن و فرۆشتنی فۆڕمی خۆ کوتان بە ڤاکسینی کۆرۆنا لە لایەن هەندێک لەو کارمەندانەی کە ڤاکسین دەدەن بە هاوڵاتی دروستبووە.

بە گوێرەی ئەو سەرچاوە تەندروستییە، نرخی فۆرمێکی خۆکوتان بە فاکسینی کۆرۆنا گەیشتووەتە ١٠٠ دۆلار، جگە لەوەش کاری ساختەکاریش دەکرێت لە کارتەکاندا، کە بەزۆری لە لایەن کەسانی چەتەی تایبەت بە کاری ساختەکردنی بەڵگەنامە فەرمییەکانەوە ئەنجام دەدرێت.

بە گوتەی سەرچاوەکە چەتەکانی ساختەکردن لە گەڕەکانی شەعب و بازاڕی مریدی و مەدەینە سەدر لە بەغدا ئەو کارە دەکەن.

سەرچاوەکە ئاشکرایکردووە، نرخی فۆڕمەکانی تەندروستی تایبەت بە کوتان لە دەرەوە بە ٥٠ بۆ ٦٠ دۆلارە و لە ناو ناوەندە تەندروستییەکان بە ١٠٠ دۆلارە.

بەو جۆرە بەشێکی زۆر لە عێراقییەکان دەبنە خاوەنی فۆڕمی خۆکوتان بە فاکسینی کۆرۆنا، بێ ئەوەی خۆشیان کوتابێت.

سەلام بەدری پزیشکێکی عێراقییە دەربارەی دیاردەکە ئاماژە بەوە دەکات، دەزانن لە ناوەند و بنکە تەندروستییەکان کڕین و فرۆشتن بە فۆرمی کوتان دژی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دەکرێت، هەندێک فەرمانبەری گەندەڵ ئەوەیان ئیستیغلال کردووە، کە هاوڵاتیان کاریان لەفەرمانگە و ناوەندە تەندروستییەکان لەبەر ناڕوات، ئەگەر خۆیان بە ڤاکسینی کۆرۆنا نەکوتابێت، بۆیە لە ئێستادا ئەو فۆرمە دەفرۆشرێت بەڵام بێ ئەوەی خاوەنەکەی ڤاکسینی وەرگرتبێت.

دەربارەی کێشەکە روبا فەلاح ئەندامی تیمی میدیای وەزارەتی تەندروستی عێرا ق رەتکردەوە فۆرمی تەندروستی تایبەت بە کوتانی فاکیسنی کۆرۆنا بفرۆشرێت، چونکە پێویستی بە تۆمارکردن هەیە لەسەر پێگەی ئەلکترۆنی و زانیاریی ناوەند و بنکە تەندروستییەکانیش بە بەڵگەنامەیی دەکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە بنەڕەتەوە ڤاکسینەکە و فۆرمەش بە خۆرایی ، بۆیە ئیتر هیچ ڕێگرییەک نییە لە وەرگرتنی ڤاکسینەکە، بە تایبەت کە ئەوانەی دۆزی یەکەمی فاکسینەکەیان وەرگرتووە، هیچ نیشانەیەکی مەترسیدار لەسەر تەندروستیان دەرنەکەوتووە,

ئەو وتانەی ڕوبا فەلاح لە کاتێکدایە، بەشێک لە هاوڵاتیان مەترسییان هەیە لە وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا، کە لە داهاتوودا کاریگەریی لاوەکی هەبێت لەسەر تەندروستییان، بۆیە پەنا دەبەنە بەر کڕینی فۆڕمی خۆکوتان بە ڤاکسینەکە.



ڕیکلام