سەربازێكی هەڵاتووی كۆریای باكور باس لە دۆخی خراپی گوزەران و خۆراكی سوپای وڵاتەكەی دەكات لە سایەی تەشەنەكردنی گەندەڵی و بریسێتیدا .
ڕۆژنامەی ۆوڵ ستریت جۆڕناڵی ئەمركا لە زاری " رێو چۆل مین" ی ئەو سەربازە هەڵاتووەی كۆریای باكور، كە لە ئێستادا لە كۆریای باشور جێگر بووە بڵاویكردووەتەوە، بڕیار بووە ئەو یەكێك بێت لە ئەندامی هێزە هەڵبژاردەكان لە سوپای كۆریای باكوردا و 3 ساڵ لەمەوبەر بڕیاری گواستنەوەی دراوە بۆ ناوچەی لەچەك داماڵراوی نێوان هەردوو بەشەكەی كۆریا و ڕاستەوخۆ براوەتە هێڵەكانی پێشەوە .
ڕۆژنامەكە لە ڕاپۆرتەكەیدا لە دەمی ئەو سەربازەوە نووسیویەتی، ئەو سەربازە بەهۆی شارەزایی لە نیشانشكێنی و باڵایەوە جیاكراوەتەوە لە هاوپیشەكانی تری، بەڵام دووچاری شۆك بووە كاتێك ئامادەی یەكەم راهێنانی تایبەتی بووە جگە لە خۆی و چەند هاوڕێیەكی هیچ كام لە هاوپیشەكانی خۆی نەدیووەتەوە، چونكە زۆربەیان بە بەرتیل و دیاری توانیویانە خۆیان لەو ڕاهێنانە قورسانە بدزنەوە و بچنە پێشەوە .
ریو چۆل دەڵێت دوای ئەو روداوە هەموو بیركردنەوەی لە جیابوونەوە و هەڵاتن بووە بۆ كۆریای باشور، چونكە هەژار بووە و هیچ پارەیەكی نەبووە تا بتوانێت وەك هاوڕێكانی پلەكەی بەرزبكرێتەوە و ژیانێكی شایستە بۆ خۆی و خێزانەكەی پێ دابین بكات .
ئاماژەی بەوەشكردووە، لەو شوێنەی كە ئەركی بینیووە، لەماوەی ئەو سێ ساڵەدا نە پلەی بەرزكراوەتەوە و نە مۆڵەتی وەك پێویست وەرگرتووە، تەنانەت ئەوەندەش خواردنی نەبووە تا پێی تێر بێت .
ئەو سەربازە كە تەمەنی لەسەرووی 20 ساڵییەوەیە بە ڕۆژنامەكەی گوتووە، دۆخەكە لە كۆریای باكور لە شێوە دۆخێكی بێ یاسایی دەچێت، ئەگەر پارەت هەبوو دەتوانیت لە هەموو شتێك خۆت قوتار بكەیت .
جەختیشكردووەتەوە، بەر لەوەی بچێتە سەر سنور وای زانیووە ئەو ناوچەیە بەو پێیەی ناوچەیەكی هەستیارە و نزیكە لە هێزەكانی ئەمریكاوە، دەبێت هەموو خۆراك و پێداویستییەكی بۆ سەربازەكانی دابین كردبێت، بە تایبەت كە ئەم لەڕیزی هێزە هەڵبژاردەكاندا بووە، بەڵام هەموو شتێك پێچەوانەی پێشبینییەكانی بووە و بینوویەتی چەند سەربازێكی هاورَێی گوایە تەقەی كوێرانە كوژراون دەستبەجێ دوای روداوەكە ئەفسەرە لێپرسراوەكانیان دەستیانكردووە بە دزینی بەشە خۆراكی سەربازە كوژراوەكان بۆ خۆیان .
ئاماژەی بەوەشكردووە، بەهۆی برسێتییەوە 40 كلیۆ لە كێشی لەدەستداوە و زۆربەی ڕۆژ لەبەر برسێتی لە وەرزی بوونی قارچك ناچار بووە لەگەڵ هاوڕێكای قارچی كێوی بخۆن، ئەو كارەش سەركێشییەكی گەورە بووە، چونكە بەهۆی ژەهراوی بوونەوە چەندین هاوڕێی گیانیان لە دەستداوە .
ئاماژەی بەوەشكردووە، تەنها شتێك كە زۆر بووە جگەرە بووە .
ئەو سەربازە هەڵاتووە بە ڕۆژنامەكە وتووە هاوڵاتیانی كۆریای باكور هیچ شتێك ناوانن لەسەر ئەو زانیاریانەی كە لە میدیاوە لەسەر تەندروستی سەرۆكەكەیان بڵاوكراوەتەوە و ماوەكیش دیار نەماوە .
ریۆ چۆل بە ڕۆژنامەكەی وتووە، چەند ڕۆژێك بەر لە هەڵاتنەكەی ، ئەفسەرەكەی زۆرلای لێكردووە بە درێژاریی شەو ڕۆژ هیچ پشوویەك وەرنەگرێت و نەخەوێت، جگە لەوەش كاتێك داوای پلە بەرزكردنەوەی كردووە لە ئەفسەرەكەی لەبری وەڵامدانەوە ڕوبەڕوی لێدان و سوكایەتیەكی زۆر بووەتەوە و تۆمەتباریشی كردووە بە دزینی برنج لە ناو سوپادا .
وەك خۆی باسی كردووە لە ئێستادا زۆر دوودڵە لەچارەنووسی خێزانەكەی و ترسی ئەوەشی هەیە لەلایەن كۆریای باكورەوە دووچاری ڕاوەدوونان ببێتەوە .
ڕۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا نزیكەی 33 هەزار هاوڵاتی كۆریای باكور بە چەندین شێوازی جیاواز هەڵاتوون و خۆیان گەیاندووەتە كۆریای باشور، لە ناویاندا بازرگان و دیپلۆماتكار و كە زۆربەیان لە وڵاتی چینەوە خۆیان گەیاندوە سۆل، بەڵام لە ناوچەی لەچەك داماڵراوی نێوان هەردووبەشەكەی كۆریا، تەنها 20 توانیویانە خۆیان بگەیەننە كۆریای باشور، چونكە ناوچەكە لەژێر چاودێرییەكی قورسی سەربازانی كۆریای باكوردایە.