پەیجی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستى سلێمانی بابەتێکى د.پشدەر عبداللە اسماعیل پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشیەکانی منداڵان و گەشەی منداڵانی بڵاوکردەوەتەوە ، تێدا هاتووە، لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرمادا سکچوون و ڕشانەوە زۆر زیاد ئەکات لەناو منداڵاندا ئەویش بەهۆی کاریگەری بەرزی پلەی گەرمایە کە لەوانەیە بەهۆی پیسبوونی سەرچاوەی ئاوو و خراپ هەڵگرتنی خۆراک لەناو پلەی گەرمی بەرزداو گەشەکردنی هەندێک بەکتریا لەو پلە گەرمیەدا لەگەڵ ووشک بوونەوەی منداڵ لە پلەی گەرمی بەرزداو کەمتر بەرگەگرتنی سکچوون و ڕشانەوە .
هۆکارەکانی سکچوون و ڕشانەوە زۆرن کەواتە لەخۆتەوە چارەسەر بەکارمەهێنە چونکە چارەسەرەکانیشیان جیاوازن.
لەوانەیە هۆکارەکە ڤایرۆس یان بەکتریا یان پاڕاسایت یان خواردنی شیرینی یان هەستیاری بە پڕۆتین،یان نەخۆشی گەنم و جۆ یان ژەهراوی بوون یان هەستیاری بەجۆرە خواردنێک یان کۆڕۆنا یان چەندین هۆکاری تر بێت .
بۆ ڕێگەگرتن لە تووشبوون بە سکچوون و ڕشانەوە باشترە ئەم هەنگاوانە بنێیت :-
١ -هەموو ئاوێک بکوڵێنە انجا ساردی بکەرەو بۆ خواردنەوە بەکاری بهێنە .
٢ -خواردن لەناو سەلاجە هەڵبگرە .
٣ -سەورزە میوە پێش خواردنی جوان بشۆرەوە .
٤ -زوو زوو دەستی منداڵەکەت بشۆ بەتایبەت دوای تەوالێت کردن .
٥ -پاک و خاوێنی تەوالێت و حەمام زۆر گرنگە .
٦ -بەکارنەهێنانی خاولی و پەرداخ و کەوچکی یەکتر .
٧ -دوورکەوتنەوە لەخواردنی دەرەوە بەتایبەت ئەوانەی سەر عەرەبانەکان .
٨ -باش کوڵاندنی گۆشت و خواردنەکان .
تکایە لەخۆتەوە دەرمان بەکارمەهێنە چونکە هۆکارەکان جیاوازن و چارەسەرەکانیشیان جیاوازن .