ئەمڕۆ لە ڕێوڕسمێکدا لە شارى هەولێر، چەتۆ ساڵح بریکاری وەزارەتی ناوخۆ لەسەر پشکى یەکێتى دەستبەکاربوو.
ئەمڕۆ 7ی تەموزی ٢٠٢٠ لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، بە فەرمی چەتۆ ساڵح لە پۆستی بریکاری وەزارەتی ناوخۆ دەستبەکار بوو .
لە ڕێوڕەسمەکەدا، قوباد تاڵەبانی پاش پیرۆزبایی رایگەیاند، هەماهەنگی بەهێز لەنێوان هەموو ئەندامانی وەزارەتدا پێویستە بۆ باشتر خزمەتكردنی ھاوڵاتیان، ئەو هەماهەنگی و هاوکارییەش لەناو تیمی وەزارەتی ناوخۆ بەدی كراوە و پێویستە بەھێزتریش بکرێت .
لاى خۆشیەوە چەتۆ ساڵح ئاماژەى بەوەکرد، لەو ئەرک و بەرپرسیارێتییە نوێیەیدا کە پێی سپێردراوە بە هەموو توانایەوە هەوڵ دەدات بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.
لیوا چەتۆ ساڵح لە ساڵی 1968 لە كەركوك لە دایك بووە، باوكی و حەوت برای شەهیدبوون، لە ساڵی 1984پەیوەندی بە ریزەكانی یەكێتییەوە كردووە، ئەندامى سەرکردایەتى یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بووە و پلەی سەربازی لیوای هەیە و چەندین بەرپرسیارێتی حكومی و حزبی پێ سپێردراوە، دواجاریش وەک بریکارى وەزارەتی ناوخۆ دەستبەکار بوو.