سهرۆكایهتی ههرێمی كوردستان رایگهیاند، هەرێمی کوردستان لەبەردەم دۆخێکی ناڕوون و کۆمەڵێک ئاڵنگاریدایە، زیاتر لە هەر کاتێک، پێویستیان بە یەکگرتوویی و هاوکاریی نێوان هەموو لایەنەکان، بەتایبەتیش پارتی و یەکێتی هەیە کە پێکەوە دواڕۆژی ئەم هەرێمەیان لە دەستدایە.
له راگهیهندراوێكدا سهرۆكایهتی ههرێمی كوردستان رایگهیاند: "سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە دوا سەردانی شاندی حکومی وڵاته یەکگرتووەکانی ئەمریکا دهكات بە سەرۆکایەتی برێت مەکگورک، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئافریکا و به یاوهریی ئامۆس هۆکستاین، نێردەی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا بۆ ژێرخانی جیهانی و ئاسایشی وزە.
دهشڵێت: "ئێمە پابەندی و پاڵپشتیی خۆمان بۆ پهیوەندیی دوولایەنەی بەهێز و بەرهەمداری عێراق و هەرێمی کوردستان لهگهڵ حکومەتی وڵاته یەکگرتووەکاندا لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی دووپات دەکەینەوە".
باسی لهوهشكردووه: "هەرێمی کوردستان لەبەردەم دۆخێکی ناڕوون و کۆمەڵێک ئاڵنگاریدایە. ئەمڕۆ، زیاتر لە هەر کاتێک، پێویستمان بە یەکگرتوویی و هاوکاریی نێوان هەموو لایەنەکان، بەتایبەتیش پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەیە کە پێکەوە دواڕۆژی ئەم هەرێمەیان لە دەستدایە".
ئهوهشی وتوه: "داوا لە سەرجەم هێزە سیاسییەکان دەکەین کە جیاوازییەکانیان بەلاوە بنێن و بە سنگێکی فراوانەوە کێشەکانیان لە رێگەی گفتوگۆ و لێکگەیشتنەوە چارەسهر بکەن، ئەوەی کۆماندەکاتەوە زۆر گەورەترە لەوەی لە یەکتریمان جیا دەکاتەوە، بۆ ئەوەی بتوانین سەقامگیری و یەکڕیزی جێگیر بکەینەوە، بۆ ئەوەی بتوانین بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بپارێزین و پەرەیان پێ بدەین، پێویستە هەموومان بە بەرپرسیارییەتەوە هەنگاو بنێین".
دهشڵێت: "هاوکات پێشوازی لە بەرەوپێشچوونی بهردهوامی چارەسهری كێشهكانی نێوان حکوومەتی فیدراڵیی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین. وێڕای سهختییهكانی ڕابردوو، ئێمە گەشبینین کە دەتوانین لەگەڵ سەرۆکوەزیران بهڕێز محەممەد شیاع ئهلسوودانی و کابینەکەی و لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا، گرفتە هەڵپەسێراوەکان چارەسەر بکەین".