دوای ٨٥ ساڵ لە پەخش، کاروانی ڕادیۆی عەرەبی بی بی سی کۆتایی دێت

  2023-01-27  | 
دۆسیە:  جیهان
 تۆڕی هەواڵی ژیان

دوای گەشتێک کە نزیکەی ٨٥ ساڵی خایاند، ئەمڕۆ هەینی دەنگی ڕادیۆی عەرەبی بی بی سی وەستا، لە ڕووداوێکدا کە بە " خەمناک" وەسف کرا، کە سەرکەوتوو بوو لە بەدەستهێنانی شوێنێکی گرنگ لەلای گوێگرانی عەرەبدا، و دەروازەی سەرەکییان بوو بۆ بەدواداچوون بۆ هەموو ئەو ڕووداوەکان.

لە سەرەتای دامەزراندنیەوە ٨٥ ساڵ لەمەوبەر، دروشمی بە بەناوبانگی "ئێرە لەندەنە" دەستی بە کارەکانی کردووە. زۆرێک لە کارمەندانی ئێستا و پێشوو سەرسوڕمانی خۆیان لە بڕیاری داخستنی ڕادیۆکە و دەرکردنی نزیکەی ٤٠٠ کارمەندیان دەربڕی، هەندێکی دیکەش دانیان بەوەدا نا کە ئەمانە یاساکانی گەردوونن.

ئەم ڕادیۆیە کە لە ساڵی ١٩٣٨ دەستی پێکردووە، بەهۆی ڕووماڵکردنی ڕووداو و ململانێ جۆراوجۆرەکانی جیهان، متمانەیەکی زۆری لەنێو گوێگرانیدا دروستکردووە. بە تێپەڕبوونی کات ڕادیۆکە بووە سەکۆیەکی کراوە بۆ سیاسەتمەداران و ڕۆشنبیران و هونەرمەندان. لە ڕێگەی ڕادیۆکەیەوە ژمارەیەکی زۆر لە عەرەبە بەناوبانگەکان باسیان لە هونەر و ئەدەب و سیاسەت و ڕۆشنبیری و چەندانی تر کرد. وە ئەگەر هەموو سەرەتایەک کۆتایی هەبێت، ئەمڕۆ گەشتی ڕادیۆی عەرەبی بی بی سی کۆتایی دێت، بەڵام لە تەلەفزیۆن و پلاتفۆرمە دیجیتاڵیەکانی تردا دەمێنێتەوە.

ڕۆژنامەنووس مەحمود ئەلموسلیمی کە بەرنامەی " همزة وصل" ی پێشکەش کردووە، ڕەخنەی لە بڕیاری داخستنەکە گرتووە و دەڵێت: ئەستەمە کەسێک کە ٣٠ ساڵە لە ڕادیۆ کار بکات ئەم بڕیارە قبوڵ بکات و لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕایگەیاندووە، " بە هیچ لۆژیکێک ناتوانرێت هەشتا و چوار ساڵ سەرکەوتن بۆ سەر تەختی پەخشی قسەکردن فڕێ بدرێت.''

داخستنی ڕادیۆی بی بی سی عەرەبی و فارسی لە مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردوودا ڕاگەیەندرا کە لە چوارچێوەی پلانێک بۆ کەمکردنەوەی تێچوونەکان و گرنگیدان بە بەرهەمهێنانی ناوەڕۆکی دیجیتاڵی.

لای خۆیەوە سەرنووسەری ڕادیۆی عەرەبی بی بی سی، عادل سولەیمان بە میدڵ ئیست ئایی ڕاگەیاندووە، ڕۆژی هەینی "رۆژێکی خەمناک" دەبێت، چونکە ڕۆژنامەنووسان و پێشکەشکاران و سەرنوسەران بەرنامەیەکی هەفتەیییان بۆ تیشک خستنە سەر ڕابردووی ڕادیۆکە داڕشتووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، پەخشەکە کاتژمێر ١ی پاشنیوەڕۆ بەکاتی لەندەن کۆتایی دێت. بەڵام ئێمە لە ڕۆژی دووشەممەوە ناوەڕۆکی تایبەتمان ئامادە کردووە، لەگەڵ چاوپێکەوتنی سەرەکی و بەشداریکردنی بینەرانمان سەبارەت بەوەی کە چۆن بی بی سی ڕۆڵی لە ژیانیاندا گێڕاوە، هەروەها قسەکردن لەگەڵ ستافی پێشووی بی بی سی، کە تیشک دەخاتە سەر کارەکانیان.

عادل سولەیمان دەشڵێت، " بەشێکی چاوپێکەوتنێک لەگەڵ گۆرانیبێژی میسری ئوم کولثوم، و جەمال عەبدول ناسر، سەرۆکی پێشووی میسر پەخش دەکرێت".



ڕیکلام