بەهۆی پابەند نەبوون بەمەرج و رێنماییەكانی كاركردن و خراپی یەكێك لە جۆرەكانی بەنزینەكەی، لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی بەنزینخانەی شارەزوور دادەخات.
راپۆرتی لیژنەی سوتەمەنی ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە: لیژنەكە سەردانی بەنزینخانەكەی كردووە و نموونەی یەكێك لە جۆری بەنزینەكانی رەوانەی تاقیگەكان كردووە بۆپشكنین و خاوەنەكەشی ئاگاداركراوەتەوە تا دەرچوونی ئەنجامی پشكنینەكە نابێت لەو جۆرە بەنزینە بفرۆشێت.
تاقیگەكانی بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكان وەڵامی پشكنینەكەیان داوەتەوە كە ئەو جۆرە بەنزینە خراپە، بۆیە بە فەرمانی قائیمقامی سلێمانی بەنزینخانەی شارەزوور دادەخرێت و خاوەنەكەشی روبەڕوی رێكاری یاسایی دەكرێتەوە.