وەزیری دارایی: هەوڵەکانمان بەردەوامە بۆ ئەوەی لە داهاتودا مووچە بە شێوەی ئەلکترۆنی دابەشبکەین

  2023-02-05  | 
دۆسیە:  حکومەتی هەرێم
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزیری دارایی هەرێم ڕایگەیاند، "هەنگاوی باشمان بۆ بەدامەزراوەیکردنی ژێرخانی دام و دەزگاکانی حکومەت ناوە".

لەمیانی کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ بەڕێوەبەری ژمارەیەک لە بانکەکان، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی ڕایگەیاند: "لە چوارچێوەی سیاسەتی چاکسازی حکومەتی هەرێم بۆ بە دامەزراوەیکردنی ژێرخانی فەرمانگەکانی حکومەت وەک وەزارەتی دارایی هەنگاوی باشمان ناوەو لە سەرەتای ئەم کابینەیەوە توانیومانە بەشێک لە کاروباری فەرمانگەکانی وەزارەت بە ئەلکترۆنی بکەین و پرۆسەکەش بەردەوامە.    

وەزیری دارایی هیواشی خواست بەزوترین کات بتوانن تەواوی سیستەمی بانکی لەهەرێمی کوردستان بە دیجیتاڵی بکەن و ئاماژەی بەوەش کرد هەوڵەکانیان بەردەوامە بۆ ئەوەی لەداهاتودا مووچە بە شێوەی ئەلکترۆنی دابەش بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش هاوشێوەی هەولێر بانکی ناوەندی هەرێم، لە سلێمانی سەرقاڵی جێبەجێکردنی پڕۆژەی بەدیجیتاڵ کردنی سیستەمی بانکەکان و دابەشکردنی مووچەن بە شێوەی ئەلکترۆنی، وەک هەنگاوی یەکەمیش لە موچەی خانەنشینانەوە دەست پێ دەکەن و دواتر فەرمانبەرانی وەزارەتەکانی تریش دەگرێتەوە.