موسلیم عەبدوڵا قەسرێ: تاهۆم کڕیووە و موچەکەم هەر بەشی قیستەکەی و بەنزینەکەی دەکات

  2023-02-22  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لەسەر گەڕاندنەوەی بەشێک لە موچەکانیان بۆ حیزب، کێشە لەنێوان چەند پەرلەمانتارێکی کۆمەڵ و حزبەکەیان ڕوودەدات


بەپێی زانیارییەکان، دوای ئەوەی لە چەند مانگی ڕابردوودا کۆمەڵ بە فەرمی داوای لە پەرلەمانتارەکانی کرد بەشێک لە موچەکانیان بگەڕێننەوە بۆ حیزب، بەڵام چەند پەرلەمانتارێک دژ بە بڕیارەکە وەستانەوە و تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەکیان بۆ کۆمەڵی دادگەری نەگەڕاندوەتەوە.

مانگی ڕابردوو تۆڕی هەواڵی ژیان بڵاویکردەوە، کە لەسەر هەمان کەیس، عوسمان کانی کوردەیی کێشەی لەگەڵ حزبەکەیدا هەیە لەسەر دۆسیەی گەڕاندنەوەی بەشێک لە موچە بۆ حیزب، لە ئەنجامیشدا ئەو پەرلەمانتارە پێشێلی بڕیاری حزبەکەی کردووە بۆ بایکۆتکردنی پەرلەمانی کوردستان، لە ئێستادا ئەو پەرلەمانتارە گەڕاوەتەوە پەرلەمان و بەشداری لە کۆبونەوەی لیژنەکان دەکات

یەکێکی دیکە لەو پەرلەمانتارانە کە بەشێک لە موچەکەی نەگەڕاندوەتەوە بۆ حیزب، موسلیم عەبدوڵا قەسرێیە، ناوبراو بیانوی بۆ نەگەڕاندنەوەی بەشێک لە موچەکەی ئەوەیە کە ئۆتۆمبێلێکی جۆری تاهۆی کڕیووە کە نرخەکەی لەنێوان ٥٠-٦٠ هەزار دۆلارە و وەک خۆی وتویەتی "موچەکەم بەس بەشی قیستەکەی و بەنزینەکەی دەکات".


شوکرییە شێخانیش یەکێکی دیکەیە لەو پەرلەمانتارانە و ناوبراو بە حزبەکەی ڕاگەیاندووە کە بە توانا و ناسراوی خۆی بووە ئەندامی پەرلەمان نەک بە هەوڵی ئۆرگانەکانی کۆمەڵ، بۆیە بەشێک لە موچەکەی ناگەڕێنێتەوە.

سەلیم شوشکەیی پەرلەمانتاری خانەنشینی کۆمەڵیی ئیسلامی لە لیستی ئەو پەرلەمانتارانەیە کە موچەکەیان بۆ کۆمەڵ نەگەڕاندوەتەوە و بیانووەکەی ئەوەیە کە پێشتر عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری بەڵێنی پێداوە کە ئەگەر خۆی کاندید بکات لەسەر لیستی کۆمەڵ، ئەوا داوای گەڕاندنەوەی بەشێک لە موچەکەی لێ ناکرێت


ڕیکلام