گۆران ئینزیبات: دوای کاری پەرلەمانیش دەبمەوە بە خزمەتکاری خەڵک لەرێگەی هونەرەوە

  2023-02-25  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
گۆران ئینزیبات لە پەیامێکدا دەڵێت: دوای کاری پەرلەمانیش دەبمەوە بە خزمەتکاری خەڵک و نیشتمان لەرێگەی هونەرەوە

گۆران ئینزیبات پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕان و ئەندامی ئەو شاندەی پەرلەمانی کوردستان کە چوونە وڵاتی بەڕیتانی لە دوای کاردانەوەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لەسەر سەردانەکەی و ئەنجامدانی چەند دانیشتنێک بۆ کوردانی ئەو وڵاتە پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، من لەم سەفەرەمدا بەشانازیەوە دەرفەتم دروستکرد تا دەیان هەوادارو هاوڕێ و دۆست و گەنجی خێر لەخۆ نەدیوی هەندەران دڵخۆش بکەم.

دەقی پەیامەکەی:

پەیامێک لە گۆرانی ئینزیباتەوە
من پێش ئەوەی پەرلەمانتاربم لەڕێگەی هونەرەوە خزمەتم بە گەل و نیشتمان کردووە، دوای کاری پەرلەمانیش دەبمەوە بە خزمەتکاری خەڵک و نیشتمان لەرێگەی هونەرەوە، چەند رۆژێکە کەوتومەتە بەر تیرو توانج و رەخنەو ئازاردانێکی بێمانای بێویژدانانە لەلایەن چەندین کەس و گروپ و ماڵپەرو کەناڵی جیاجیاوە بەتەنها لەبەر ئەوەی لەوڵاتی بریتانیا خزمەتم بە کۆمەڵێک هاوڕێ و هەواداری هونەرەکەم کردووە، ئەرشیفی رابردووم ڕونە کە من لەهەموو قۆناغەکاندا خزمەتکاری خەڵک و لەڕێی هونەرەکەمەوە هاوڕێی چەکی یەک بەیەکی برا پێشمەرگەکانیش بووم، من لەم سەفەرەمدا بەشانازیەوە دەرفەتم دروستکرد تا دەیان هەوادارو هاوڕێ و دۆست و گەنجی خێر لەخۆ نەدیوی هەندەران دڵخۆش بکەم، من لێرەو لەم سەفەرەدا خزمەتی گەنج و خەڵکی وڵاتی خۆمم کردووە، ئێوە ئەگەر ئەوەندە دڵسۆزو خەمخۆری دۆزی ڕەوای کوردن بچن و بڕوانن و ببینن لاڤ میوزیکی شەوانی شارەکانی کوردستان لێوڕێژن لە پێشکەشکردنی وەها دیمەنێک بەناوی هونەرەوە کە شیرازەی خێزانی و کۆمەڵایەتی ئێمەی لەڕیشەوە دەرکردووە، واز لەئێمە بێن، ئێمە بەشەڕواڵ و مرادخانی کوردی و گۆرانی کوردیەوە دڵی دەیان کوردی دورە وڵاتمان ڕۆشن کردەوە.
ئەوەی بەمەرامی سیاسی هەوڵی نەزۆکی بێبنەما ئەدات بۆ شکاندنی ئێمە پێویستە بزانێت ئێمە لەهەرجێیەکی دنیابین، بەدەنگ و زمانی کوردی و بەبەرگی کوردیەوە لەناو کۆڕو مەجلیسی ئازیزان و هەوادارانی خۆمانداین.
بۆیە لێرەوە رایدەگەیەنم کە شانازی بەو کات و ساتانەوە ئەکەم کە دەنگو هونەرەکەم ماڵی تاریکی دڵی گەنجێکی دەربەدەرم رۆشن کردبێتەوە.


ڕیکلام