ئەستێرە فەرەنسیەكەی یانەی بەرشەلۆنە لەبارەی داهاتووی خۆی لەگەڵ یانەكەی كۆبوویەوە و دڵنیایی وەرگرتووە لەوەی كە لە پلانی یانەكەدایە بۆ وەرزی داهاتوو.
ڕۆژنامەی لیكیپی فەڕەنسی ئاشكرایكرد، ئەنتوان گریزمانی فەڕەنسی هێرشبەری یانەی بەرشەلۆنە و بەڕێوەبەری كارەكانی، دوێنێ سێشەممە لەگەڵ بەرپرسانی یانەكەی كۆبووەتەوە.
ئەو رۆژنامەیە ئاشكرایكردووە ئەوانەی لە گەڵیان كۆبووەتەوە هەریەكە لە ئیریك ئەبیدالی سكرتێری هونەری یانەكە و كیكی سێتینی ڕاهێنەر بوون، باسیان لە داهاتووی یانەكە كردووە بەتایبەت كە دەنگۆی فرۆشتنی ئەو یاریزانە هەیە.
لەو كۆبونەوەیەدا راهێنەری یانەكە پێیوتووە كە ئەو یەكێك لە یاریزانە متمانەپێكراوەكانە و بۆ وەرزی داهاتوو پشتی پێدەبەستێت و دەیەوێت بمێنێتەوە و هیچ پلانێكی بۆ فرۆشتنی نیە.
ئەوەش دوای دێت كە ماوەی رابردوو میدیاكانی ئیسپانیا بەشێوەیەكی فراوان باسیان لە رۆشتنی ئەو یاریزانە دەكرد بەهۆی ئەوەی یانەكە لە ئاستی ئەو یاریزانە رازی نیە و نەیتوانیوە وەك پێویست بوونی خۆی لە یانەكەدا بسەلمێنێت.