ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان: گرێ کوێرەی كه‌مینه‌كان بە ئاسانی ناکرێتەوە

  2023-03-13  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتی ڕایگەیاند، پارتی دیموکراتی کوردستان دەیەوێت، لە ڕێگای کورسیی دووجار فرۆشراوی سکرتێری پەرلەمانەوە، ئیرادەی ناڕه‌وای خۆی بسەپێینیت بەسەر لایەنەکاندا

سەرکۆ ئازاد گەڵاڵی، ئەندامی پەڕلەمانی کوردستان لەهەژماری خۆی لە فەیسبووک نووسیویەتی، پارتی دیموکراتی کوردستان دەیەوێت، لە ڕێگای کورسیی دووجار فرۆشراوی سکرتێری پەرلەمانەوە، ئیرادەی ناڕه‌وای خۆی بسەپێینیت بەسەر لایەنەکاندا و، لە سەر پرسی کورسی پێکهاتەکان، ئه‌وه بچنێته‌وه كه خۆی ده‌یچێنێت. 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "شاراوه نییه كه پارتی،  ترسی هه‌یه له لەدەستدانی قۆرغكاریی ناڕه‌وا بەسەر پێکهاتەکانەوە، و له گومانی خۆیدا پێی وایه كه ئه‌گه‌ر كورسی پێكهاته‌كانی نه‌بێت و، هه‌روه‌ها داماڵدرابێت له ٧٠٠ هه‌زار ده‌نگی زیاده‌ی ئاماده‌ له سنوری پارێزگاكانی دهۆك و هه‌ولێر، ئه‌وا لوتی ده‌دا له به‌ردی ئه‌لحه‌دی دیموكراسی ، شكستی متمانه‌ ، رووی راسته‌قینه‌ی خۆی نیشان ده‌دا و، به ده‌ستی به‌تاڵ له ژاوه‌ ژاوی هه‌ڵبژاردن ده‌رده‌چێت".

ئەوەشی خستووەتە ڕوو، "له‌ لایه‌كی تر، پارتی سوور ده‌زانێت كه هیچ لایەنێک لە گەڵ کەمکردنەوەی ژمارەی کورسی پێکهاتە کان نییە و، داوای زۆرینەی لایەنە ناکۆکەکانیش ئه‌وه‌یه کە کورسیی پیکهاتەکان دابەشی سەر بازنەکان بکرێت و پێكهاته‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی زوڵمیان لێ نه‌كرێت، تۆماری تایبەتی دەنگدەرانی خۆیان ببێت". 

سەرکۆ ئازاد گەڵاڵی باس لەوەشدەکات، "یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌م سۆنگه‌یه‌وه تەنها ئامانجی ئەوەیە کە پیکهاتەکان نوێنەری راستەقینەی خۆیان بن، له‌ ژێر گوشاردا نه‌بن به پاشكۆی سیاسه‌تی ته‌سكی هیچ لایه‌نێك و، هه‌ڵبژاردن و پشتیوانیكردنیان به جۆرێك بێت كه سه‌ربه‌خۆیی و به‌های نوێنه‌رایه‌تییه‌كه‌یان له‌ ده‌ست بده‌ن‌. بۆ ئه‌مه‌ش، ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت كورسیی پێكهاته‌كان ئه‌وه‌نده ئازاد بێت كه بتوانێت له سێبه‌ری پاشكۆیه‌تی و به‌رژه‌وه‌ندیی ته‌سكی هه‌ندێك سه‌ركورسی نشین ، رزگاری بێ".





ڕیکلام