ئەوقافی سلێمانی کاتەکانی بانگی رێکخستەوە

  2023-03-19  | 
دۆسیە:  سلێمانی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەڕێوەبەری ئەوقافی سلێمانی: کاتەکانی بانگ ڕێکخراوەتەوە داوا لە مامۆستایانی ئاینی دەکەین پابەند بن بەو کاتانەوە، بە پێچەوانەوە ئیجرائاتیان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

لای خۆیەوە، محەمەد عەبدوڵا پێنجوێنی، سەرۆکی لیژنەی رێکخستنەوەی کاتەکانی بانگ بە ئاسۆی شاری سلێمانی رایگەیاند: لە ساڵی رابردوودا کۆمەڵێک کێشە بەهۆی کاتەکانی بانگدان لە مزگەوتەکان دروستبوو، بۆیە بڕیاردرا بە پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ رێکخستنەوەی کاتەکانی بانگدان لەسەر بنەمایەکی زانستی.

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێستا لیژنەکە کاتەکانی بانگدانی لە پارێزگای سلێمانی رێکخستووەتەوە، بۆ ماوەی ساڵێک وەک تاقیکردنەوە لە مزگەوتەکاندا پەیڕەودەکرێت، کە جیاوازی لە کاتی بانگدان بەپێی شارۆچکەکان دەگۆڕێت، بۆ نمونە لە ناوچەکانی هەورامان و خورماڵ سێ خولەک پێش شاری سلێمانی بانگدەدات، بەڵام لە رانیە سێ خولەک پاش سلێمانی بانگدەدات".

لەبارەی دیاریکردنی یەکەم رۆژی مانگی رەمەزانی محەمەد عەبدوڵا پێنجوێنی، رایگەیاند، تا ئێستا پێشبینی دەکەن ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو دەبێتە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان، بەڵام تا ئێستا نازانن مانگی شەعبان 29 یان 30 رۆژە، بۆیە تا مانگ نەبینن بڕیاری کۆتایی لەسەر یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان نادەن.





ڕیکلام