مەسرور بارزانی لە بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیدا

  2023-04-02  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان

جارێکی دیکەش رەوشی مافی مرۆڤ بووەوە مانشێتی راپۆرتێکی جیهانی
ئەمجارەیان رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی باس لە پێشێلکارییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات لەلایەن حکومەت و سەرۆکەکەیەوە
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی راپۆرتی ساڵانەی تایبەت بە رەوشی مافەکانی مرۆڤ لە جیهاندا بڵاوکردەوە
بەشێک لە راپۆرتەکە تایبەتە بە عێراق و هەرێمی کوردستان

لە دەستپێکی راپۆرتەکەدا، لێبوردنی نێودەوڵەتی زیندانیانی بادینانی کردووەتە ئەستێرەی پێشێلکارییەکان
باس لەوە دەکات کە لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە دەستگیرکران و دوای ساڵێک بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نیشتیمانی سزادران
هەروەها دەشڵێت کە هەرچەندە دوای ساڵێک مەرسومی سەرۆکایەتی هەرێم بۆ کەمکردنەوەی سزاکانیان دەرچوو
بەڵام کاری پێنەکرا، دواتر و لە ٢٠٢٢دا، رۆژنامەنوسان و چالاکوانی بادینان لە زینداندا سێ جار مانگرتنی خواردنیان راگەیاندووە
هەروەها، لە درێژەی راپۆرتەکە دەڵێت کە هێزەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەڕەمەکی هاوڵاتی و چالاکوانیان دەستگیرکردووە
ئەو هێزانە، بەبێ هەبوونی هیچ بنەمایەک چالاکوانان و رۆژنامەنوسانیان دەستگیرکردووە و خراوەنەتە زیندان
بەدەر لەوەش باس لەوەدەکات کە لە ئەیلولی ساڵی رابردوودا هێزە ئەمنییەکانی هەولێر رۆژنامەنوسێکیان لەکاتی روماڵی هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆسەر گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان دەستگیرکرد
هەروەها، هەمان هێز لە نزیک هەولێر دوو رۆژنامەنوسیان دەستگیرکرد و بەپێی یاسای ساڵی ٢٠٠٨ی تاوانە ئەلکترۆنییەکانی عێراق تۆمەتیان ئاڕاستەکردن.

لێبوردنی نێودەوڵەتی دەڵێت کە حکومەتی هەرێم زۆرکات هانا بۆ ئەم یاسایە دەبات بۆ بەئامانجگرتنی ئەو کەسانەی لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە رەخنە لە حکومەت دەگرن
ئەمە بەدەر لەوەی حکومەت سانسۆرێکی زۆری خستووەتە سەر ئازادی رادەبڕین و رێگە بە کۆبوونەوەی جەماوەری نادات
لە ماوەی رابردوودا، دوای رێکخراوی هیومن رایتس وۆچ وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، ئەمە دەبێتە سێیەم راپۆرتی دامەزراوە فەرمییەکان کە تانە لە حکومەتی هەرێم دەدەن و پێشێلکردنی مافی هاوڵاتی و رۆژنامەنوس دەکەنە مانشێتەکانیان
بەڵام، حکومەتەکەی مەسرور بارزانی باکی بەم راپۆرتانە نییە
لەبری ئەوەی بە هەندی وەریانبگرێت، بە درۆیان دەخاتەوە و 
وا مامەڵە دەکات کە هەرێمی کوردستان فینلەندا و دانیمارک بێت
مەسرور بارزانی، دوو جاری جیاواز لە رێگەی دیندار زێباریەوە 
کە پۆستی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتیەکانی ناو حکومەتەکەی مەسروری لە دەستە
بەرپەرچی راپۆرتەکان دەداتەوە
جارێ دەڵێت ئەمەریکا دوو ڕووە و جارێکیش دەڵێت ئەو راپۆرتانە فشەکەرن
مەسرور بارزانی بەتەمای چییە؟
دوای سێ راپۆرتی دامەزراوە فەرمییەکان و راپۆرتێکی رۆژنامەی فۆڕن پۆڵەسی ئەمەریکی کە باس لەوە دەکات هەرێمی کوردستان لە لێواری روخاندایە
مەسرور بارزانی خۆی ماتداوە و بەو هیوایەیە کات تێپەڕێت و باسی پشت راپۆرتەکان سارد ببێتەوە
دوای ئەوەش، دەستدەکاتەوە بە پیشەی چەند ساڵەی رابردووی
ئەویش دەستگیرکردنی هاوڵاتی و چالاکوان و رۆژنامەنوسە 
ئەگەر وا بڕوات و مەسرور بارزانی لەسەر هەمان بیرکردنەوەی بەردەوام بێت
ئەوا دوور نییە رۆژێک لە رۆژان یەکێک لەو راپۆرتانە گورزە کوشندەکەی لێنەدەن
دووریش نییە رۆژێک بە دەردی سەدام حسێن ببردرێت، کە چۆن لە هەرێمی کوردستان دەرکرا، هەر ئاواس مەسرور بارزانی و هۆزەکەی شاربەدەر بکرێن


ڕیکلام