نیگەرانییەکانی دژی ھێرشەکانی دوو رۆژی رابردووی سەر گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب زیاتردەبێت، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بەنیگەرانیەوە پەیامێکی بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت، "بەنیگەرانیەوە سەیری رووداو و ئالۆزیەکانی ھەردوو گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە دەکەین".
مەکتەبی سیاسی یەکگرتوو ئیسلامی کوردستان دەڵێت: ئێمە لە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بەنیگەرانیەوە سەیری رووداو و ئالۆزیەکانی ھەردوو گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە دەکەین لە پارێزگای حەلەب کە بەداخەوە دەیان قوربانی لێکەوتەوە، وێڕای ئاوارەبوونی ھەزاران ھاوڵاتی مەدەنی لە دانیشتوانی ئەو ناوچانە.
لە راگەیەندراوەکەی یەکگرتووی ئیسلامیدا داوا دەکرێت، "بەزووترین کات کۆتایی بەو پێکدانانە بھێنرێت و ھەردوولا بگەرێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و دانوستان بۆ چارەسەری کێشەکان بەرێگای ئاشتی لەسەر بنەمای رێککەوتنەکانی نێوان حکومەتی سوریا و سەرکردایەتی ھەسەدە".