بەردێکی دیکە لە تڕە کەڵەکەکەی مەسرور بارزانی دەکەوێت

  2023-04-02  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان

ئێرە نە کابولە و تەکساسە
بەڵکو ناوجەرگەی ئەو شارەیە کە بەر لە چەند ڕۆژێک بەرپرسە بە زۆر سەپێنراوەکانی، سەرقاڵی وەڵامدانەوەی ئەو راپۆرتە نێودەوڵەتیانە بوون کە باسیان لە نەبوونی ئازادی دەکرد لە هەولێر و شارەکەیان بە ژێردەستەی دەسەڵاتێکی ئەمنی، پۆلیسی، هەوالگری وەسفدەکرد

لە وەڵامیشدا، محەمەد سەعید سەحافەکەی حکومەت، ئەو راپۆرتانەی بە ناڕاست و دەسکیسەی نەیار و ئۆپۆزسیۆنەکانی حکومەتە تڕە کەڵەکەکەی مەسرور بارزانی وەسف ئەکرد

بەڵام دوای بینینی ئەم ڤیدیۆیە کە تیایدا کادیرێکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەتکی گەنجێک دەکات لە پایتەختدا و بە ڤیدیۆش تۆماری دەکات و بە ئاشکرا و بێ سڵەمینەوە، سەری گەنجەکە دەتاشێت، دەبێت ئێستا حکومەت و محەمەد سەعید سەحاف، چی بڵێن

هەولێر، ئەوشارەی کە لە ساڵی ١٩٩٦ــەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان، بە هاوکاری حزبی بەعس و  بە زەبری هێز داگیرکرد،  لەوکاتەوە ئیتر بەرپرسە بە زۆر سەپاوەکانی، هەوڵی ئەوە ئەدەن ئەم شارە لە هەر بیر و بۆچونێکی نەیار بەوان لەم شارەدا سەرکوت بکەن، چونکە خۆیان باش دەزانن، میوانێکی ڕێزلێگیراو و ویستراو نین لەم شارە

ڕووداوی تاشینی قژی گەنجێک لە هەولێر، نوێترین دیمەنی زنجیرە ڕووداوی ئەتککردنی دەنگی ناڕازییە لە هەولێر، هەرچەندە پاش بڵاوبونەوەی دیمەنەکان، وێنەی ئەو گەنجەی کە کارەکە ئەنجامدەدات، بە کەلەپچەکراوی بڵاوکرایەوە، بەڵام دیسانەوە ئەمەش بەشێکە لەو سیناریۆیەی کە دەسەڵاتی بەزۆرسەپێنراوی هەولێر ئەنجامی دەدات، چونکە تەنانەت ئەگەر گەنجە دەستگیریشبکرێت، بەڵام ناتوانێت دیمەنی ئەتککردنەکە لەبیر خەڵک بباتەوە و بۆ ماوەیەکی درێژ لە یادەوەری هەرکەسێکدا دەمێنێتەوە کە بیەوێت بچووکترین ڕەخنەش ئاراستەی دەسەڵاتدارانی هەولێر بکات، چونکە دەزانێت هەمان چارەنوس چاوەڕێی دەکات

ئەم ڕووداوانە نوێ نین ، لە ڕابردوودا هەر لەو شارە، لەسەر ڕەخنە و ناڕەزایی دەربڕین، مامۆستا هۆشیار ئیسماعیل، کە یەکێکبوو لە دیارترین مامۆستا ئایینیەکانی هەولێر، کوژرا
لە رووداوی دیکەشدا لەناو حەرەمی مزگەوتدا، بە دەستی چەکدارێکی پارتی، ڕیشی مامۆستای ئایینی سوتێنرا

ساڵی ٢٠١٦، پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەو حزبەی کە هەمیشە کوردایەتی بە بەرامبەرەکانی دەفرۆشێتەوە، لەسەر هەڵوێستی سیاسی، لەناو پایتەختدا، سەری پێشمەرگەیەکی سەر بە بزووتنەوەی گۆڕانی تاشی و هەر بەوەشەوە نەوەستا و لە هەولێر شاربەدەری کرد

لەم دواییانەشدا، لەسەر نوسین و رەخنەگرتن، پارتی بەرگەی ڕۆژنامەنووس هێمن مامەندی نەگرت و دوای چەند جارێک دەستگیرکردن و بانگکردن بۆ دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی، ناچار بە جێهێشتنی هەولێر کرا،  هەرچەندە ئێستا ماوەی ٣ ساڵە لە شارەکەی دوورە، بەڵام هەر چەند مانگ جارێک بەبێ ئامادەبونی خۆی، سزای دەستگیرکردنی بۆ دەردەکەن.


بەڵێ ئەمە ئەو شارەیە، کە لە دانیشتوانە ڕەسەنەکەی خۆی حەرامکراوە و لە شوێنی ئەوان کەسانێکی مێژوو تاریک و داردەستی وڵاتانی ئیقلیمی، بە زەبری هێز نیشتەجێکران

هەرچەندە دەسەڵاتدارەکانی دەیان رێگای جیاواز دەگرنە بەر بۆ شاردنەوەی ئەو زوڵم و زۆرەی کە لەلایەن کەسانی سەر بە هێزە تەناهییەکانەوە دەکرێت، بەڵام بە بڵاوبونەوەی ڤیدیۆیەکی لەو شێوەیە، ڕیسەکەیان دەبێتەوە خوری و بەردێکی دیکە لە تڕە کەڵەکەکەی مەسرور بارزانی دەکەوێت


ڕیکلام