پارتی چۆن بە زەبری هێز و بێ بەرگری نەوتی ڕادەست کرد

  2023-04-05  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان


ئەوەی ١٠ ساڵ بە پارتی وترا و نەیکرد
لە کۆتاییدا بە زەبری هێز بەسەریدا سەپا
بافڵ تاڵەبانی بۆ هۆشداری دا و ڕایگەیاند، نایەڵم غازەکەش بە دەردی نەوتەکە بڕوات

لەوکاتەوەی کە ئابوری سەربەخۆ ڕاگەیاندرا و تا کاتی تەسلیمکردنەوەی بە نەچاری، ماوەکەی ١٠ ساڵ بوو
لە سەرەتاوە کاتێک هێشتا دەرئەنجامەکانی بەناو ئابووری سەربەخۆ هێشتا بەسەر گیرفانی خەڵک و پرۆژە خزمەتگوزارییەکانەوە دەرنەکەوتبوون، بەڵێنی گەورە و قسەی بریقەدار دەدرا بەگوێی خەڵک و ئەو لایەنانەی دوور و نزیک ئاگاداری دۆسیەی نەوت نەبوون کە پارتی دەستی بەسەرداگرتبوو.

بەڵام وتەی بەرپرسەکانی پارتی تەنها لەسەر کاغەز مایەی دڵخۆشی بوو، کاتێک هاتە سەر جێبەجێکردنی پراکتیکی پلانی ھەناردەکردنی نەوت، ڕێڕەوێکی تەواو جیاوازی وەرگرت و لەبری ئەوەی وەک خۆیان دەیانوت بناغەی ئابووریەکی پتەو بۆ هەرێم بنیات بنێت و کوردستان بخاتە سەر نەخشەی وزەی جیهان، بەڵام ئابووری سەربەخۆ چۆکی بە هەرێم بە دادا و لە یەکەم نیشانەی ئەم داتەپینی ئابووری هەرێمەش، داهێنانی سیستمی پاشەکەوتی مووچە بوو کە پێشتر نە کەس سیستمی ھاوشێوەی بیستبوو نە بینیبووی، جگە لەوە سەرجەم پرۆژە خزمەتگووزاریەکان وەستێنران، هەرچەندە حکومەت لەمەشدا جیاوازی دەکرد و بە ناوی جیاجیاوە پارەی بۆ پرۆژەکانی هەولێر و دهۆک خەرج دەکرد و سلێمانی و هەڵەبجەشی بە تەواوی پشتگوێخست

هەرچەندە لەدوای بەلاڕێدابردنی پرۆسەی ئابووری سەربەخۆوە، لە هەموو لایەکەوە ئامۆژگاری حکومەتی هەرێم دەکرا کە باشترین شت ئێستا کە بیکات، ئەوەیە کە ڕێی بەغداد بگرێتە بەر و هەوڵی ئەنجامدانی ڕێککەوتنێکی جێگیر بدات تا بتوانێت هەرێم لەو قوڕە ڕزگار بکات کە تێی کەوتووە، بەڵام بە پێچەوانەوە، پارتی و سەرۆکەکەی ئەمە بە عینادی و کەلەڕەقی تێگەشتبوون، ئامادەبوون کە نەوتی هەرێم هەرزان و تاڵان فرۆش بکەن و کوردستان بخەنە ژێر  دەیان ملیار دۆلار قەرزەوە، تەنھا لەبەر ئەوەی دان بەوەدا نەنێن کە شکستیان ھێناوە لەو پرۆسەیەی کە دەستیانپێکردبوو

لەپێناو شاردنەوەی ئەوە، هەستان و ویستیان بە پرۆسەی ڕیفراندۆم و قەیرانی سەختی دارایی لەبری خەڵکی ببەنەوە، خۆیان کردە سوورەی بەرلەشکر و هەڕەشەیان دەکرد و پەنجەیان ڕادەوەشاند
سەرەڕای هۆشداری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، پارتی پرۆسەی ڕیفراندۆمی ئەنجامدا و باجەکەشی لە دەستدانی کەرکوک و شنگال و نیوەی خاکی باشووری کوردستان بوو

بەڵام هێشتاش ئامادەی ئەوە نەبوو لێرەدا کۆتایی پرۆسەی ئابووری سەربەخۆ بهێنێت، چونکە هیچ چاودێرییەکی دەرەکی لەسەر پرۆسەی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت نەدەویست

پارتی تەنها بە نەوت ڕازی نەبوو، چاوی بڕیبووە غازی چەمچەماڵ و دەیویست وەکو نەوتەکە و بەناوی بەکارهێنانی غاز بۆ دروستکردنی پەیوەندی دیپلۆماسی بۆ هەرێم ، غازی چەمچەماڵ تاڵانفرۆش بکات، بۆ ئەمەش پارتی لەڕێی چەند بەکرێگیراوێکییەوە و بەخشینەوەی پارە، ویستی ئەوەی هەبوو دۆخی چەمچەماڵ بشێوێنێت و ئیدارەی شارەکە ناچار بە ڕازیبوون بە داواکانی پارتی و هەناردەکردنی غازەکەی بکات
بەڵام بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، کە لە پێش چاوی بوو کە ئەگەر غاز هەناردە بکرێت، بە هەمان دەردی نەوتەکە دەبرێت و لەبری ئاوەدانکردنەوە بۆ چەمچەماڵ و کوردستان، وێرانکاری زیاتری بە دوادا دێت،   زۆر بە ڕوونی وتی: "مەگەر بەسەر لاشەی مندا بڕۆن غازی چەمچەماڵ بفرۆشن"
بافڵ جەلال تاڵەبانی ، چ لە ڕێی پەیوەندی تایبەتی خۆیەوە و چ لە ڕێی تیمی یەکێتی لە حکومەت، هانی گەیشتنە ڕێککەوتنی لەگەڵ بەغداد دەدا، ئەمە سەرەڕای ئەوەی پارتی و دەست و پێوەندەکانی لە بەغداد هەمیشە لە هەوڵدا بوون تاکو ڕێککەوتن لەگەڵ بەغداد نەگاتە ئەنجام

سەرەنجام شەق دەزانێت قۆناغ لە کوێیە، دادگای ناوبژیوانی پاریس لەسەر سکاڵای بەغداد بڕیاری نایاساییبوونی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی دا و تورکیا کە گروپێکی ناو بارزانیەکان ئەڵقە لە گوێی ئەون، نەوتەکەی هەرێمی ڕاگرت و لە ژێر سێبەری فەرماندەی سوپای قودسی ئێران پارتی بە شکستەوە بەبێ بەرگری نەوتەکەی ڕادەستی عێراق کردەوە و بەکردار سەلماندی کە پیاوی ئەوە نین بەرپرسیارێتیەکی وەها و قووتی ٦ ملیۆن کەسیان  بدرێتە ئەستۆ

ئێستا دوای شکستە مەزنەکەی پارتی کە دووەم شکستیەتی دوای بەناو ڕیفراندۆمەکە، لێرە و لەوێ هەندێک کادیری دەستی دوو، ڕادەستکردنەوەی نەوت بە بەغداد بە سەرکەوتن بۆ حکومەتە تڕە کەڵەکەکە ناودەبەن، وەک ئەوەی هەر ئەوان نەبووبن تا دوێنێ و پێرێ بەغدادیان بە وێرانە و وڵاتی نەخوێندەوار و میلیشیا ناودەبرد، تەنانەت ئەگەر ڕاستیش بێت و کەمێک هۆش گەڕابێتەوە ئەقڵی پارتی، با ئەوەی کە بێوەژنی دەیکات بە کچێنی بیکردبایە، نەک بۆ ماوەی دە ساڵ میللەتێک زەلیل بکەیت و خۆشت بێ ئەنجام هەر لە ڕێی ئاغایانی تورکیاوە بیت و ئەویش لە یەکەم مەترسیدا، پشتت تێبکات.
واتە پارتی تێگەیەنرا، کە هەموو ڕێگاکان ناچنەوە ئەستەنبوڵ و ئەنکەرە، بەڵکو لە کۆتاییدا ڕێگاکان هەموویان دەگەڕێنەوە بەغداد، ئەو بەغدادەی کە کورد پێکهێنەری سەرەکی حکومەتەکەیەتی.


ڕیکلام