بڕیارە ئەمڕۆ لە وڵاتی سعودییە، ٣٢هەمین خولی لوتکەی کۆمکاری عەرەبی بەڕێوەدەچێت، ئامانجی ئەمجارەی لوتکەکە زیاتر تیشک دەخرێتەسەر گەڕاندنەوەی سوریا و رەوشی سودان و دۆسیەی فەڵەستین.
سەرپەرشتیارانی لوتکەکە ئاشکرایانکردوە، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی بەشدارن و بەیانی ئەمڕۆش محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق گەیشتە جدە، بۆ بەشداریکردن لە لوتکەکە.
جیاواز لە بەڕێوەچوونی لوتکەکانی پێشوو، بۆ یەکەمین جار لە دوای ١٢ ساڵ، بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا لەو لوتکەیەدا بەشدار دەبێت، ئەوەش دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١١_ەوە ئەندامێتی سوریا لە کۆمکاری عەرەبی هەڵپەسێردرا.
لوتکەی کۆمکاری عەرەبی دوای ئەوە دێت، سعودیە و میسر و ئوردن نێوەندگیرییان کرد، بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا و گەڕاندنەوەی بۆ کۆمکاری عەرەبی کە ئەمەش لە کاتێکدایە، وڵاتانی ناوچەکە هەوڵی سفرکردنەوەی کێشەکان و چارەسەرکردنی قەیرانە ناوخۆییەکان دەدەن، لە دۆسیەی فەڵەستینەوە تا پرسی سوریا، قەیرانی سودان، یەمەن و لیبیا و لوبنان.
ھاوکات ئاژانسی بلومبێرگ بڵاویکردووەتەوە، ڤۆلۆدمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین دەچێتە سعودیە و بەشداری لوتکەکە دەکات، کەمێک پێش ئێستاش ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز رایەگەیاند، زیلینسی سەرۆکی ئۆکرانیا بەڕێگاوەیە بەرەو سعودییە