بافڵ جەلال تاڵەبانی لەگەڵ فراکسیۆنی یەکێتی کۆبووەوە

  2023-05-23  | 
دۆسیە:  یەکێتی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەمڕۆ لە دەباشان سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و فراکسیۆنی یەکێتی کۆبووە رایگەیاند، "لەسەرەتای دروستبوونی کێشە سیاسی و یاساییەکانەوە سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردن، یەکێتی بە ئەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە کاری بۆ سازان و رێککەوتنی نیشتمانی کردووە و هەنگاوی پێویست نراوە".

دەقی راگەیەندراوی کۆبوونەوە بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەگەڵ فراکسیۆنی یەکێتی:

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هەڤاڵان رەفعەت عەبدوڵا، بڕیاردەری دەستەی کارگێڕی و ئاسۆ مامەند، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و قوباد تاڵەبانی، سەرپەرشتیاری سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال لە دەباشان پێشوازیان لە سەرۆکی پەرلەمان و فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان کرد.

‏‎ بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا ستایشی رۆڵی مێژوویی و ئازایانەی فراکسیۆنی یەکێتی کرد و پشتیوانی تەواوی یەکێتی بۆ سەرۆکی پەرلەمان دووپاتکردەوە کە لە دوایین کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان پاڵپشت بە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، رێگریان لە کارێکی یاساشکێنی کرد و ئیرادەی خەڵکیان سەرخست و رێگرییان لە شکاندنی شکۆی پەرلەمان گرت. وتیشی، هەڵوێستی دوێنێتان بۆ سەرخستنی ئەزموونی دیموکراسیی هەرێم مایەی شانازیی یەکێتی، دڵسۆزانی گەل و دۆستانی دیموکراسی بوو کە دەیانەوێت هەڵبژاردنێکی بێگەرد لە وادەی خۆیدا بەڕێوەبچێت و یاری بە چارەنووس و دەنگی خەڵکەوە نەکرێت.

‏‎راشیگەیاند، لەسەرەتای دروستبوونی کێشە سیاسی و یاساییەکانەوە سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردن، یەکێتی بە ئەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە کاری بۆ سازان و رێککەوتنی نیشتمانی کردووە و هەنگاوی پێویست نراوە  لەنێوان هەموو لایەنە سیاسییەکاندا کە یاسای هەڵبژاردن هەمووار بکرێتەوە و هاوتەریب کۆمسیۆنیش کارابکرێتەوە. دوور لە خۆسەپێنی خواستی کۆمەڵانی خەڵکی تێدا جێبەجێ بکرێت و کورسی کۆتاکان بۆ یەکلاکردنەوەی پرسە چارەنووسسازەکان بەکارنەهێرێت وەک ئەوەی دوێنێ بینیمان و بەداخەوە ئەوەی نەدەبوو رووبدات، روویدا.

‏‎لەبارەی نوێنەرایەتی پێکهاتەکان و هەڵبژاردنی چارەنووسی خۆیانەوە بافڵ جەلال تاڵەبانی وتی، ئێمە لە سەرەتاوە داوامانکردووە پێکهاتەکان نوێنەرایەتی راستەقینەی خۆیان بکەن و لە ململانێ سیاسی و حزبییەکاندا بەکارنەهێنرێن.

‏‎لەبەشێکی تری وتەکانیدا سەرۆکی یەکێتی، وێڕای هەڵوەستەکردن لە سەر دۆخی گشتیی هەرێم و عیراق بەرچاوروونیدایە پەرلەمانتارانی یەکێتی و داوایکرد، وەک هەمیشە پشتبەستوو بە یاسا لە سەنگەری بەرگری لە مافەکانی خەڵکدا بن و رێگە نەدەن دامەزراوەی شەرعی و یاساییەکان بۆ بەرژەوەندی حزبی بەکاربهێنن و شکۆی دامەزراوە نیشتمانییەکان لەکەدار بکرێت.

‏‎لەکۆبوونەوەکەدا گەشبینی خۆشی نیشاندا کە بە پشتیوانیی دڵسۆزانی گەل و وڵات ئەم دۆخەش تێدەپەڕێنین و داوایکرد، هەموولایەک بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەم قۆناغە هەستیارەدا بکەن. وتیشی، دەبێت بەدیهێنانی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان ئەرکی لەپێشینەمان بێت.

‏‎سەرۆکی یەکێتی وتیشی، سەرباری ئەو کێشەیەی لە پەرلەمان روویدا، یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لەسەر باوەڕە نەگۆڕەکانی خۆی سوورە و دەرگای بۆ هەموو گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنێک کراوەیە کە ئامانج لێی چارەسەرکردنی کێشەکان و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی بێگەرد بێت لە وادەی خۆیدا.



ڕیکلام