وەزارەتی تەندروستی نیگەرانی خۆی لە هاتنی دەروێشەكان راگەیاند

  2020-07-10  | 
سلێمانی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی تەندرستی نیگەرانی خۆی لە هاتنی دەروێشەكان لە رۆژهەڵاتی كوردستانەوە رادەگەیەنێت و دەڵێت پێشبینی دەكەن لە دوو هەفتەی داهاتوودا بەو هۆیەوە ژمارەكانی تووشبوون بە كۆرۆنا لە هەرێم زۆر زیاد بكەن.

محەمەد قادر خۆشناو، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی هاتنی دەروێشانی شێخ محەمەد كەسنەزانی رایگەیاند "مەترسی ئەوانە زۆر زۆر بەرزە دەبێت وا گومان بكەین هەركەسێك لەوانە هەڵگری ئەمجۆرە پەتایە بن" ئاماژە بەوە دەكات ئەوان وەكو وەزارەتی تەندروستی پێویستە وەكو هەڵگری  كۆرۆنا سەیری هەموو ئەوانە بكەن. 
ئەو داوای لە هاوڵاتیان كرد بەهیچ شێوەیەك بەركەوتنیان لەگەڵ ئەوانە نەبێت و "دانانی ئەو پرسەیەش كارێكی زۆر ناتەندروست و زۆر نازانستییە"  ئەگەر هەیە كارەساتی زۆر گەورەی بەدوادا بێت. 
خۆشناو لە دیدارێكیدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا ئاماژەی بەوەكرد "ئەو جۆرە مەترسیە بەڕاستی لە هەموو پارێزگاكان هەموو جۆرە كۆبوونەوەیەكی ئایینی و پرسە هەیە، بەڵام ئەوەی لەم كۆبوونەوەیە و لەم بەخاكسپاردنە دەردەكەوێت بەڕاستی زۆر زۆر گەورەیەبە ئەندازەی گەورەیەكەی مەترسیەكە دروست دەكات".
ئەو هۆشداری دەدات لە بەردەوامبوونی مەترسیەكانی كۆرۆنا و دەشڵێت ئەوەی روویداوە "ئیشی لایەنە ئیدارییەكانی ئەو شارەیە كە ئەو پرسەیەی تێدا ئەنجام دەدرێت ڕێگری بكەن لە هەموو جۆرە كۆبوونەوەیەكی بەو شێوەیە."
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم ئەوەشی وت"ئەگەر ئەم پرسەیە ئەنجام بدرێت بەڕاستی لە 2-3 هەفتەدا لەوانەیە پێشبینی كارەساتی گەورەتر بكرێت دەبێت ئەوەمان لەبیر بێت كە بەركەوتەكانی ڕاستەخۆ لەماوەی 1-2 ڕۆژدا دەرناكەوێت بەڵكو پێویستی بەكات هەیە، بەتایبەت بەو پرسەیە ، ئێمە زۆر بەتوندی پێشنیار دەكەین و ڕێنماییان دەكەین بەهەموو شێوەیە خۆیان لەو كۆبوونەوەیە بەدوور بگرن، داوا لە لایەنە جێبەجێكارییەكانیش دەكەین بەهەرشێوەیەك بێت بتوانن ڕێگری بكەن لە كۆبوونەوەكە. "
ئەو لەبارەی ئاگاداربوونیان لە هێنانەوەی تەرمی شێخ محەمەد كەسنەزانی دەڵێت  "هێنانەوەی تەرم ئەگەر بەكۆمەڵێك مەرجی یاسایی و كۆمەڵێك مەرجی تەندروستی بێت ڕێگری لێناكرێت واتە هێنانەوەی تەرمی هەر هاوڵاتییەك هەركەسێك شتێكی نازانستی نییە بەو مەرجەی بە كۆمەڵێك ڕێكاری تەندروستی ئەنجام بدرێت بەڵام دانانی پرسە ترسناكی زۆر گەورەیە و ناتەندروستییە."


ڕیکلام