قۆناغی چوارەمی ئۆپراسیۆنی پاڵەوانانى عێراق بەسەرپەرشتی کازمی دەستیپێکرد

  2020-07-12  | 
خانەقین
ئۆپراسیۆنی هێزەکانی عێراق دژبە پاشماوەکانی داعش بەسەرپەرشتی کازمی بەڕێوەدەچێت
میدیاکانی عێراق
دۆسیە:  عێراق
 سۆران عەبدولکەریم
بە بڕیاری مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران و بەرپرسی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ماوەی دوو رۆژە قۆناغی چوارەمی ئۆپراسیۆنی پاڵەوانانى عێراق لە دیالە دەستیپێکردووە و ھێزەکانی دژە تیرۆری یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش لە ئۆپەراسیۆنەکەدا بەشدارن .

‌سەرچاوەیەکی ئەمنی لەسنوری پارێزگای دیالە بەتۆڕی (ھەواڵی ژیان)ی  ڕاگەیاند، بە بڕیاری مستەفا کازمی و بەدرێژایی سنوری ئێران لە پارێزگای دیالە، قۆناغی چوارەمی ئۆپەراسیۆنی دژ بە پاشماوەکانی داعش بەھاوبەشی لەگەڵ ھێزەکانی دژە تیرۆری یەکێتی و ھێزەکانی ئاسایشی گەرمیان دەستیپێکردووە .

ئاماژەی بەوەشکرد، ئۆپراسیۆنەکە تەواوی ئەو ناوچانە دەگرێتەوە کە دەکەوێتە نێوان سنوری هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقەوە، تیایدا فڕۆکەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و چەکی قورس بەکاردەهێنرێت و ڕووبەری ١٨ هەزار و ٧٠٠ کیلۆمەتر دووجا پاکدەکرێتەوە .

ئەوەشی خستەڕوو، لە ئۆپراسیۆنەکەدا هەریەکە لە فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی سەلاحەدین و سامەڕا،  هێزی دژە تیرۆری یەکێتی نیشتمانی و پۆلیسی فیدراڵی، هێزەکانی بەرپەرچدانەوەی خێرا، حەشدی شەعبی و لیواکانی هێزی تایبەت، لیوای هەشتی هێزی پاسەوانی سنور، دژە تیرۆر، فەرماندەی ئۆپراسیۆنی تایبەتی دوو، پۆلیسی پارێزگای دیالە و هێزی هاوپەیمانان بەشدارن .

قۆناغی چوارەمی ئۆپراسیۆنی پاڵەوانانى عێراق دژبە پاشماوەکانی چەکدارانی داعش، لە چوار میحوەرەوە لە ناوچەکانی باکور و باشوری قەزای خانەقین و ھەروەھا لە ناوچەی قەرەتەپە و باکوری ناحیەی جەلەولا دەستیپێکردووە.



ڕیکلام