نوسینگەی بانکی ناوەندی لە سلێمانی دەکرێتەوە

  2023-09-26  | 
دۆسیە:  سلێمانی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی دەڵێت، پارێزگاری بانکی ناوەندی رەزامەندی لەسەر کردنەوەی نووسینگەی بانکەکە لە سلێمانی دەرکردووە و لەگەڵ کردنەوەی نووسینگەکەش، هاووڵاتییانی ئەم پارێزگایە دەتوانن لە هەموو خزمەتگوزارییەکانی وەکو وەرگرتنی قەرز و پێشینە، سوودمەندبن.

د.بڕیار رەشید، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تایبەتمەندییەکانی بانکی ناوەندی وەک پێدانی قەرز و پێشێنەی خانوبەرە و هاوسەرگیری و پڕۆژەی بچوک و مامناوەند، بۆ خەڵکی هەمو پارێزگاکانی عێراق بەردەستە، تەنها هاوڵاتیانی هەرێم نەبێت.

ئەوەسی خستەڕوو، بە کردنەوەی نوسیگەی بانکی ناوەندی لە هەرێم، پارێزگاکانی هەرێم لە روی ئابوریەوە دەبوژێنەوە و سەرجەم ئاسانکارییەکان بۆ هاوڵاتیان دابین دەکرێت، لە سەرەتای دەستبەکاربونی عەلی عەلاق وەک پارێزگاری بانکی ناوەندی هەوڵەکانیان بۆ دامەزراندنی ئەو نوسینگەیە لە پارێزگای سلێمانی بەردەوام بوە.

باسی لەوەشکرد، بانکی ناوەندی هەرێم پەیوەستنەکراوە بە بانکی ناوەندی عێراقەوە، بۆیە ئەو ئاسانکارییە بانکییانەی بۆ خەڵکی پارێزگاکانی عێراق هەیە، هاوڵاتیانی هەرێمی نەگرتوەتەوە، داواکاری کردنەوەی نوسینگەی بانکی ناوەندی لە پارێزگای سلێمانیان ئاڕاستەی لیژنەی ئابوری پەرلەمان کردوە.

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی ئاشکرا کرد، لە رێکەوتی 22ی مانگی ئاب، بانکی ناوەندی عێراق لە نوسراوێکی فەرمیدا وەڵامی داواکارییەکانی داوەتەوە، هەروەها رەزامەندی دەربڕیوە بۆ کردنەوەی نوسینگەیەکی بانکی ناوەندی لە پارێزگای سلێمانی، ئەو رێکارانەی ماوە بۆ کردنەوەی ئەو نوسینگەیە لە ئەستۆی حکومەتی خۆجێی پارێزگای سلێمانییە


ڕیکلام