پارێزگاری سلێمانی: سەرۆککۆماری ئێران بڕیاریدا هێڵی شەمەندەفەر بگەیەندرێتە باشماخ

  2023-11-02  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی رایگەیاندووە، کە ئەمڕۆ بەشدارییکردووە لە کردنەوەی وێستگەی شەمەندەفەری سنە و لەلایەن ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێرانەوە پێشوازی لێکراوە.

ژیان:
پارێزگاری سلێمانی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نووسیویەتی، "بەچاودێریی و ئامادەبوونی بەڕێزان دکتۆر ئیبراهیم ڕەئیسیی سەرۆککۆماری کۆماری ئیسلامیی ئێران و دکتۆر میهرداد بەزرباش وەزیری ڕێگاوبان و شارسازیی و نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی ئێران و دکتۆر ئیسماعیل زارعی کوشا پارێزگاری کوردستان (سنە)؛ بەشداریمانکرد لە کردنەوەی وێستگای شەمەندەفەری سنەو هێڵی شەمەندەفەری کوردستان".

ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، سەرۆککۆماری ئێران بڕیاریداوە هێڵی شەمەندەفەری کوردستان تا دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ درێژبکرێتەوەو ئەم هێڵە بە هێڵی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی ئێرانەوە ببەسترێتەوەو پەیوەندیی و ئاڵوگۆڕە بازرگانیی و ترانزێتییەکان لەگەڵ هەردوو دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ و پەروێزخان بەهێزتربکرێت.

پارێزگاری سلێمانی دەڵێت، " داوای کردنەوەی مەرزی سازان لە پارێزگای هەڵەبجەشمان گەیاندە بەڕێز سەرۆککۆماری کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە ئومێدی ئەوەی لە ئایندەدا ئەم مەرزەیش بە فەرمیی بکرێتەوە".


ڕیکلام