قاسم ئەعرەجی بە فەرمی پۆستی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراقی وەرگرت

  2020-07-14  | 
قاسم ئەعرەجی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دوای ئەوەی ئەمڕۆ دەستی لە پۆستی پەرلەمانتاری كێشایەوە، قاسم ئەعرەجی بە فەرمی پۆستی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراقی وەرگرت، كە پێشتر بەدەست فالح فەیازەوە بوو .

لە بەیاننامەیەكدا نوسینگەی راوێژكاریەتی ئاسایشیی نیشتیمانی عێراق  بڵاویكردەوە، بەیانی ئەمڕۆ لە فەرمانگەی ڕاوێژكاریەتی ئاسایشی نیشتیمانی پرۆسەی ڕادەستكردنی بەرپرسیارێتی دەزگاکە بەڕێوەچوە و فالح فەیاز سەرۆكی پێشووی دامەزراوەكە پۆستەكەی ڕادەستی قاسم ئەعرەجی كردووە .

دواتر ئەعرەجی لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هەواڵی نیشتیمانی عێراق ڕایگەیاند، دەزگاكەیان گرنگ و هەستیارە و ئەركی زۆری ناوخۆیی و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی ئامادەكردووە كە جێبەجێیان بكات .

ئاماژەی بەوەشكرد، كاری سەرەكیان سەرخستنی پلانەكانیان و خزمەتكردن دەبێت بە هاوڵاتیان و بە هێزكردنی پەیوەندییەكان لە نێوان دەوڵەتانی هاوسێ و عەرەبی و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی .

لە كۆتایی وتەكانیدا ئەعرەجی جەختیكردەوە، ڕێگری زۆریان لەبەردەمدایە، بەشێوەیەك هەندێكیان پێویستیان بە چارەسەركردنی بە پەلە هەیە و داواشی لە وڵاتانی دۆست كرد، لە پاڵ گەلی عێراقدا بوەستنەوە .

لەو زنجیرە گۆڕانکایانەی کە لە ماوەی ڕابردوودا لە لایەن مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە ئەنجام درا، گۆڕینی پۆستی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی عێراق بووم ئەو هەنگاوەش بوە مایەی نیگەرانی وناڕەزایی زۆری گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران.



ڕیکلام