لەتیف نێروەیی: هەموو رۆژێکی ساڵ بۆ یەکێتییەکان رۆژی شەهیدانە

  2023-11-21  | 
دۆسیە:  یەکێتی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەبارەت بە ڕۆژی شەهیدانی یەکێتی رایدەگەیەنێت:" هیچ گوندێک، شاخێک، لوتکەیەک، ئەشکەوتێک، پێدەشتی گەرمیان و کوێستانێکی ئەم وڵاتە نییە قارەمانە نەمرەکانی یەکێتی پەیامی شەهیدستانیان پێنەگەیاندبێت".

ژیان:
لەتیف نێروەیی، لێپرسراوی بۆردی راگەیاندن و ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە،" بەرلەوەی ٢٠/٥/٢٠١٣ کە لەلایەن ئەنجومەنی ئەوسای سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە رۆژی ٢١/١١ وەک رۆژی شەهیدانی یەکێتی پەسەند بکرێت، پرسی گەڵاڵەکردنی رێسایەکی تایبەت بە رۆژی شەهیدان لە ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی و دەزگای شەھیدان و مەکتەبی رێکخستن تاوتوێکرا و کۆدەنگیەک لەسەر دیاریکردنی رۆژێک بۆ شەهیدانی یەکێتی هەبوو، دواجار لە ئەنجومەنی ناوەندی رەشنووسی رێسایەک پێشکەش بە مەکتەبی سیاسی کرا".

ئاماژەی بەوەشکردووە،" هۆکاری سەرەکی بۆ دیاریکردنی رۆژی شەهیدانی یەکێتی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەرکی جێبەجێکردنی مەراسیمی تایبەت و شایستە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان و ناوچە دابڕێنراوەکان بۆ (٢٦) هەزار شەهیدی نەمر لەلایەن ئۆرگانە پەیوەندیدارەکانی یەکێتییەوە ئاسان نەبوو، چونکە رۆژانە لە دێهات، شارۆچکە، شارە جیاوازەکان چەندین مەراسیمی تایبەت بە یادی شەهیدان ئەنجام دەدران و هەندێ مەراسیم بەپێی نزیکی جوگرافی لە ئۆرگانە باڵاکان وەکو مەکتەبی سیاسی، یان ئەنجومەنی سەرکردایەتی دەکران، هەندێ مەراسیمی دیکە بەهۆی دوری سنوری جوگرافی لە ئۆرگانی باڵا، لەلایەن ئۆرگانەکانی خوارەوە دەکران وەکو مەڵبەند و کۆمیتەکان و هەندێ جاریش بەبێ ئاگاداری ئۆرگانە حزبییەکان، مەراسیمی یادی هەندێ شەهیدی نەمر تەنها لەلایەن کەس و کاری شەهیدانەوە سازدەکران، ئەمەش رەخنەو گازندەی بەدوای خۆیدا دەهێنا و پرسیاری ئەوە دروست دەبوو، بۆچی هەندێ مەراسیم لەسەر ئاستی باڵا و هەندێ مەراسیمی دیکە لەسەر ئاستی خوارەوە و هەندێ مەراسیمی تریش لەلایەن کەس و کاری شەهیدانەوە ئەنجامدەدرێن".

دەشڵێت،" هیچ گەرەک و شەقام و کۆڵانێکی شارەکانی ئەم وڵاتە نەماوە قارەمانەکانی یەکێتی دەیانجار بە خوێنی خۆیان ئاویان نەدابێت و هیچ زیندانێکی سەردەمی رژێمی بەعسی رووخاو نەمابوو نیشتمانپەروەرەکانی یەکێتی لەبەردەم پەتی سێدارە پەیامی (کەم ژیان و کەڵ ژیان) یان بە گوێچکەی جەلادەکانی ئەو سەردەمە نەگەیاندبێت، بۆیە هەموو رۆژێکی ساڵا بۆ یەکێتییەکان و بۆ گەلەکەمان رۆژی شەهیدانە و رۆژی ٢١/١١ یش رۆژی دەربڕینی وەفاو بەڵێن تازەکردنەوەیە بۆ گیانی پاکی شەهیدان کە درێژە بە رێبازە پیرۆزەکەیان بدەین".


ڕیکلام