پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، سەرەڕای هەوڵەكان بۆ كردنەوەی ئاسمانی توركیا بەڕوی گەشتەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانی و بە پێچەوانەشەوە، بەڵام بێ ئەنجام بون و دەشڵێت، ئەو بابەتە بابەتێکی یاسایی و کارگێڕی و خزمەت گوزاری نییە، بەڵکو بابەتێکی سیاسییە.
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئێمە لەگفتوگۆی بەردەوامداین لەگەڵ ئەو دۆستانە بۆ ئەوەی ئەو بارودۆخە کۆتاییان پێبێت، بەڵام ئەو بابەتە بابەتێکی یاسایی و کارگێڕی و خزمەت گوزاری نییە، بەڵکو بابەتێکی ئەمنی و سەربازی و سیاسییە.
وتیشی، پێویست دەکات لایەنە پەیوەندیدارەکان وەڵامی ئەو دۆخە بدەنەوە، چونکە سلێمانی شوێنێکی ئارامە، فڕۆکەخانەکەشی مەدەنییە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو گەشتانە قەرەبووکراوەتەوە بەدەیان گەشتە ئاسمانییەکانی دیکەی نێودەوڵەتی، بەڵام پێمان خۆشە ئەو گەشتانەمان لەگەڵ تورکیا و کۆمپانیای تورکیش ئێرلاینیش دا هەبێت، بۆیە لەگەڵ کونسوڵخانە قسەمان کردووە و لەهەوڵداین بۆ ئەوەی فڕۆکەخانەی سلێمانی گەشتەکانی ئاسایی بێتەوە لەگەڵ تورکیا.
رۆژی دووشەممە 03-07-2023، تورکیا ماوەی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی لەگەڵ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی تاوەکو 3-1-2024 درێژکردبووەوە و ئێستاش ماوەکەی تاوەکو 22-06-2024 درێژکردەوە.