وەزارەتی بەرگری ئەمریکا: بۆ ئەمساڵ داوای ٢٤٢ ملیۆن دۆلارمان بۆ هێزەکانی پێشمەرگەو هێزە عێراقییەکان کردوە

  2024-02-11  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ڕاپۆرتێکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش ئاشکرای دەکات لەسێ مانگی کۆتایی ساڵی ڕابردودا زیاتر لە ٤٠ ملیۆن دۆلار بۆ هێزەکانی پێشمەرگە دابینکراوە و بۆ ساڵی ٢٠٢٤ داوای ٢٤٢ ملیۆن دۆلاری تر کراوە بۆ هێزەکانی پێشمەرگەو هێزە عێراقییەکان.


بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، لەسێ مانگی کۆتایی ساڵی ڕابردودا نزیکەی ٥٠ ملیۆن دۆلار بۆ هەرێمی کوردستان دابینکراوە کە زیاتر لە ٤٠ ملیۆنی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە بوە.

لەو ڕاپۆرتەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعشدا ئاماژە بەوەشکراوە، لەسێ مانگی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣دا، ٤٧.٧ ملیۆن دۆلار بۆ هەرێم‌و عێراق لەچوارچێوەی هەڵمەتەکانی ڕوبەڕوبونەوەی داعش دابینکراوە کە ٤٠.٨ ملیۆن دۆلاری بۆ وەزارەتی پێشمەرگە بوە.
 
هەر لەو ڕاپۆرتەدا هاتوە، "لەساڵانی ٢٠٢٢و ٢٠٢٣دا کۆنگرێسی ئەمریکا ١٢.٥ ملیاری لەڕێگەی وەزارەتی بەرگرییەوە بۆ هاوپەیمانیی نێودەڵەتی دابینکردوە؛ بۆ ساڵی ٢٠٢٤یش، کۆنگرێس داوای ٦.٢ ملیار دۆلاری کردوە، بەڵام هێشتا بڕیاری کۆتایی لێنەدراوە".

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لەو پارەیەی بۆ ساڵی ٢٠٢٤ داوایکردوە ٢٤٢ ملیۆن بۆ هێزەکانی پێشمەرگەو هێزە عێراقییەکان‌و ١٥٦ ملیۆنیش بۆ هەسەدەو بەشێک لەهێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا دەبێت.


ڕیکلام