یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان رایگەیاند، بۆ رێگریکردن لە سوکایەتیکردن بە قورئان و پیرۆزییەکانی ئیسلام، سکاڵای یاساییان لەسەر نوێنەری زەردەشتییەکان لە هەرێمی کوردستان تۆمارکرد.
یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، "لە نووسراوێکدا بە ژمارە (134) یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بە مەبەستی رێگریکردن لە سوکایەتیکردن بە قورئان و پیرۆزییەکانی ئیسلام، سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو ئافرەتە بەناو نوێنەری زەردەشتییەکانی کوردستان تۆمار کرد، کە لە لێدوانێکی بۆ کەناڵێکی راگەیاندن سوکایەتی بە قورئان و پیرۆزییەکانی ئایینی ئیسلام کرد و نیگەرانی لێکەوتەوە".
لە راگەیەندراوەکەی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستاندا هاتووە، "نووسراوەکە ئاراستەی سەرۆکایەتی داواکاری گشتی هەولێر کراوە و ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەو جۆرە سوکایەتییە پێچەوانەی دەقەکانی دەستووری عێراق و ماددەی 372ـی یاسای سزادانی عێراقی و یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستانە".
یەکێتیی زانایان جەختیکردووەتەوە، لە سکاڵاکەیاندا ئاماژەیان بەوەکردووە کە ئەم کارە دەبێتە هۆکاری تێکدانی سەقامگیری کۆمەڵگە و کاریگەری نەرێنی لەسەر پێکەوەژیانی ئایینی دەبێت لە هەرێمی کوردستان.
ئەوەشخراوەتەڕوو، داواکارن سکاڵایی یاسایی دژ بە ناوبراو بجوڵێنن و رێگری لەو کەسانە بکەن کە دەیانەوێت لە ژێر هەر ناوێک بێت بێ رێزی بەرامڤەر بە بیر و باوەڕ و پیرۆزی هەر ئاینێک بکات.